سڵاو لە جەماوەری خۆڕاگری مەخموور و قەراج و گوێڕ و كەندیناوە

بە بۆنەی سی و یەكەمین ساڵیادی راپەڕینی جەماوەری دەڤەری مەخموور لە دژی زولم و زۆری دەزگا گڵاوو سەركوتكەرەكانی رژێمی لەناوچووی بەعسی فاشی و، ئازادکردنی مخموور، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی و سڵاو و رێزو خۆشەویستیم ئاراستەی جەماوەری خۆڕاگری ئەو دەڤەرە دەكەم و ، هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم و، ئومێد دەكەم یەكدەنگ و یەكڕیز بن بۆ وەدەستهێنانی خواستەكانیان و زیاتر خزمەتكردنی دەڤەرەكە.
بێگومان مەخموور بە دریژایی مێژوو مەزڵووم بووەو لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاری بێبەش بووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا بەردەوام خەڵکی غەوارە کراونەتە بەرپرس لەو شارەو خەڵکە رەسەنەکەی مەخموور پەراوێز خراون، ناکرێ مەخموور لەسەر دەریایەک نەوت بێت و نەخۆشخانەیەکی سەردەمییانە و پڕۆژەیەکی ئاودێری و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی نەبێت و وەک گوندێکی وێران بێتە بەرچاو ، پێویستە ئەوانەی خۆیان بە بەرپرسی ئەو شارە دەزانن و لەسەر حیسابی خەڵکی مەخموور بوونەتە خاوەن هەموو شتێک ئاوڕێکی خیرا لە مەخموور و خەڵکەکەی بدەنەوەو خزمەتیان بکەن و ناتەواوییەکانی مەخموور تەواوبکەن.
لەگەڵ سڵاوو رێزو خۆشەویستی دووبارەم بۆ تەواوی جەماوەری دەڤەری مەخموور.
هەمیشە تەندروست و شادو سەرکەوتووبن.
دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
‌‌‌12 . 3 . 2022