غەفوور مەخموورى لە کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان: بانگ لە لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان دەکەین رەچاوى هەستیارى بارودۆخى کوردستان بکەن و لەیەکدى نزیکببنەوە

میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ڕۆژى ٧ / ٣ / ٢٠٢٢، سکرتێرى گشتیى YNDK لەسەر بانگهێشتى پارتى گەشەپێدانى تورکمانى ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوى کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان بوو، کە لە هوتێلى هەولێرى نێودەوڵەتى (شیراتۆن) لە شارى هەولێرى پایتەخت بەڕێوەچوو، لە وتارێکیدا داوایکرد کەوا لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن و لەجیاتى بەرژەوەندى حیزبى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرن.
پێشنیوەڕۆ ڕۆژى دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەیاوەرى هەڤاڵ شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوى کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان بوون، کەوا لە هوتێلى هەولێرى نێودەوڵەتى (شیراتۆن) لە شارى هەولێرى پایتەخت بەڕێوەچوو، نوێنەرانى پەرلەمان و حکومەتى کوردستان و نوێنەرانى حیزبە کوردستانییەکان ئامادەى کۆنگرەکە بوون.
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK کە بە نوێنەرایەتى YNDK ئامادەى کۆبوونەوەکە بوو، لە وتەیەکیدا وێڕاى پیرۆزبایى و هیواى سەرکەوتن خواستن بۆ کۆنگرەکە، روانینى YNDK ى سەبارەت بەڕەوشى سیاسى کوردستان خستەڕوو و، وتى: (کوردستان و ناوچەکەو جیهانیش لە بارودۆخێکى زۆر هەستیاردان، لە داهاتووى نزیکدا کۆمەڵێ ئەگەرو پێشهاتى نوێ دێنە پێشەوە، لە رەوشێکى وا هەستاردا بەداخەوە بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییەو پەیوەندى نێوان حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە، بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارە پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کاربۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین و، جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین جلە کوردایەتى و کوردستان بپۆشین، ئەم بارودۆخە لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا نزیکى یەکدى بین و، نەخشە رێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین.).
ئەمەش دەقى وتارەکەى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK ه:
براى بەڕێز کاک محەممەد سەعدەددین ئیلیخانلى سەرۆکى پارتى گەشەپێدانى تورکمانى ...
بەڕێزان نوێنەرانى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان ...
بەڕێزان ئەندامانى کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان ...
خوشکان ... برایان ... ئامادەبووانى بەڕێز ... میوانانى خۆشەویست ...
رۆژتان باش ...
بەناوی خۆمان و كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK, بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین، ئومێد دەکەین کۆنگرەى پێنجەمتان وێستگەیەکى گرنگى کاروخەباتتان بێت لەپێناو پێشەچوون و گەشەکردنى زیاترى پارتەکەتان.
بەشدارى پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینییەکانى کوردستان لە پرۆسەى سیاسیى کوردستاندا وێنەیەکى جوانى سەردەمییانە نیشاندەدات، کوردستان وەک مێرگێک بۆتە شوێنى هەموو رەنگ و روانینێک، بۆتە مێرگى پێکەوەژیان، ئەمەش وایکردووە، هەموو لایەکمان شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان بکەین، بێگومان ئێمەى کوردستانى بە تەواوى پێکهاتە نەتەوەییەکانمانەوە لە رابردوودا رۆڵێکى کارامان هەبوو لە بنیاتنانى شارستانییەتى میزۆپۆتامیا، ئەگەر بوارى زیاترمان بۆ بڕەخسێت دەتوانین لە ئێستاو داهاتوودا رۆلێکى کارا بگێڕین لە بینیاتنانى کۆمەڵگایەکى سەردەمیانەو مۆدێرن.
بەشدارى تورکمان و (کلدان و سریان و ئاشوورى) لە پرۆسەى سیاسى و دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان، وێنەیەکى جوانى سەردەمییانەیە، پێویستە ئەو خوشک و برایانەمان گوزارشت لە ویست و خواستى پێکهاتەکانیان بکەن و لە هەڵبژاردنى نوێنەرەکان خاوەن ئیرادەو بڕیارى خۆیان بن.
خوشکان ... برایان ...
بەستنى کۆنگرەى پێنجەمى پارتى گەشەپێدانى تورکمان لە کاتێدایە کە بایەخ و گرنگى خۆى هەیە، کوردستان و ناوچەکەو جیهانیش لە بارودۆخێکى زۆر هەستیاردان، لە داهاتووى نزیکدا کۆمەڵێ ئەگەرو پێشهاتى نوێ دێنە پێشەوە، لە رەوشێکى وا هەستاردا بەداخەوە بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییەو پەیوەندى نێوان حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە، بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو ئەم رەوشە نالەبارە پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، ئەم بارودۆخە لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا نزیکى یەکدى بین و، نەخشە رێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کار بکەین بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەیەکى فراوان بۆ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەى لە کۆبوونەوەکەدا نەخشە رێگایەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکان دابڕێژین.
خوشکانى ئازیز ... برایانى بەڕێز:
ئێمە لە کوردستان هەموومان لەناو یەک کەشتى داین، بەداخەوە هەندێ لایەن دەستیانداوەتە ئەوەى کەوا پارچە پارچە لە کەشتییەکە بکەنەوە و لەناو ئەو کەشتییەدا کەشتى بچوکتر دروستبکەن، بێئاگان لەوەى کەوا لەگەڵ کەڵین خستنە کەشتییە گەورەکە و ژێر ئاوکەوتنى ؛ کەشتییە بچوکەکانیش ژێر ئاو دەکەون، واتە هەموو لایەکمان زیانمەند دەبین، بۆیە ئەڕکى هەموو لایەکانە دەست بەو کەشتییەوە بگرین و بیپارێزین و بەرەو کەنارێکى ئارامى ببەین.
ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ؛ لێرەوە جارێکى دیکە بانگ لە هەموو لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان دەکەین، کەوا رەچاوى هەستیارى بارودۆخى کوردستان بکەن و، وەکو ریزگرتن لە خوێنى پاکى شەهیدان و قارەمانێتى پێشمەرگە و خۆڕاگرى گەلى کوردستان؛ ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و، جلى تەنگى حزبایەتى فڕێبدەین جلە کوردایەتى و کوردستانى بوون بپۆشین.
لەپێناو قوڵکردنەوەى گیانى یەکدى قبوڵکردن و رەتکردنەوەى خۆسەپاندن و قۆرخکارى لە ناوەندى سیاسى کوردستان و بەشداریکردنى تەواوى لایەنە سیاسییەکان لە داڕشتنى بڕیارى سیاسى و وازهێنان لە پەراوێزخستنى ئەم لایەن و ئەو لایەن و، بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و دەربازکردنى لەو پەرش و بڵاوییەى کە تێیدایە جارێکى دیکە پێشنیارى پێکهێنانى (ئەنجوومەنى باڵاى سیاسى کوردستان) دەکەین، کەوا ئەنجوومەنیک بێت لەتەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى باشوورى کوردستان پێکبهێندرێت و، ئەم ئەنجوومەنە وەکو پاڵپشتێکى سیاسى بۆ پرۆسەى سیاسى کوردستان لە کاردابێت و رۆڵى راوێژکارى ببینێت و، لە کاتى هاتنەپێشى قەیرانەکاندا بە پرۆژەو کارنامەى هاوبەشى سیاسى هاوکاربێت بۆ دەربازکردنى قەیرانەکان.
لە کۆتاییدا جارێکى دیکە هیواى سەرکەوتن بۆ کۆنگرەکەتان دەخوازین و ئومێد دەکەین کۆنگرەکەتان بە بڕیارو راسپاردەى نیشتیمانییانە پارتەکەتان بەرەو گەشەکردن و گەشانەوەى زیاتر ببات .
لەگەڵ رێزى دووبارەماندا ... هەر بژین و سەرکەوتووبن و کوردستان ئاوەدان.
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
٧ / ٣ / ٢٠٢٢