مەكتەبی سیاسی YNDK پیرۆزبایی له‌ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەكات

كانون1/ديسمبر 11, 2021

میدیا - هەولێر

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK پیرۆزبایی له‌ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ده‌كات.

رێكەوتی 12/12/2021، مەكتەبی سیاسی YNDK به‌ بۆنه‌ی (36)مین ساڵیادی دامه‌زراندنیان پیرۆزبایی له‌مەكتەبی سیاسی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ده‌كات، له‌ په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌ وێرای پیرۆزبایی و سه‌ركه‌وتن باس له‌ كێشەكانی نێوان حكومەتی كوردستان و حكومەتی عێراق ده‌كات و هێرشه‌كانی داعش له‌ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی باشووری كوردستان و شكان و شكستیان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌، هه‌روه‌ها له‌په‌یامه‌كه‌ جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی یەكگوتاری سیاسی تەواوی لایەنە سیاسییەكان كوردستان و سەر لە نوێ‌ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان له ‌پێناو به‌دیهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیانی كوردستان.

لەدوا تەوەری په‌یامه‌كه‌ باس لە زیاتر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا كرا.

 

ده‌قی په‌یامی پیرۆزباییه‌كه‌:

بۆ بەڕێز مەكتەبی سیاسیی حزبی زه‌حمه‌‌تكێشانی كوردستان

 بابەت / پیرۆزبایی

 سڵاوی سەرخۆبوون‌و ئازادی...

  بەبۆنەی(36)مین ساڵیادی دامەزراندنی حزبتان (حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان) بەناوی خۆمان‌و تەواوی ئەندام‌و لایەنگرانی یەكێتیمانYNDK، جوانترین پیرۆزبایتان ئاڕاستە دەكەین‌و خوازیارین ساڵیادی دامەزراندنی ئەمساڵتان هاندەر بێت بۆ زیاتر پێشڤەچوونتان .

بەڕێزان : حزبتان (حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان) لەماوەی تەمەنی خەبات و تێكۆشانیدا، وەك لایەنێك لە گۆڕەپانی سیاسی باشووری كوردستان جێ‌ پەنجەی لەخەبات دژی داگیركەران و دوژمنانی كوردستان هەبووەو هەموو كات خەباتی كردووە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان, ئەوەی لەم قۆناغەی ئەمڕۆشمان گرنگە یەكریزی و تەبایی سەرجەم هێزو لایەنەكانی كوردستانە بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافەكانی گەلەكەمان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان. لەم بۆنەیەتاندا جارێكی تر جەخت دەكەینەوە سەر زیاتر توندوتۆڵكردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنەكانی هەموو كوردستان .

 

هەر سەركەوتوو بن .... لەگەڵ رێزماندا.

 

مەكتەبی سیاسی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK