سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن پیرۆز دەكات

تشرين1/أكتوير 31, 2021
میدیا - هەولێر :
غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پرۆزبایى ئاستەى بەڕێز رۆمیۆهەکارى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن کرد و بەبۆنەى ٤٥ چل و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبەکەیانەوە پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:
بۆ برای بەڕێزو خۆشەویستمان كاك رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (45) چل و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان (حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن)، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە سەركردایەتی حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
بێگومان حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لە داکۆکیکردن لە مافە رەواکانى ئاشوورییەکانى کوردستان و عێراق و، لەهەمان کاتدا بەردەوام هەوڵیداوە کەوا گیانى پێکەوژیان و برایەتى لەنێو پێکهاتەکانى کوردستاندا قوڵبکاتەوە، هەروەها لە پرسە نیشتمانییەکانى کوردستاندا خاوەن هەڵوێست و روانینى خۆى بووە، هیوادارین کەوا درێژە بەو سیاسەتە دروست و نیشتمانییەى خۆتان بدەن و زیاتر گەشەى پێبدەن.
هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنى دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافی رەوای تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان، بێگومان ئەمەش بە هاوكاری و كاركردنی هەموو لایەكمان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان دەبێت، لەبەرئەوەی سەربەخۆیی كوردستان زامنی وەدەستهێنان و پاراستنی مافە نەتەوەییەكانی هەموو نەتەوەكانی كوردستانە .
لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتوو بن.
برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سكرتێری گشتیی
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
31 / 10 / 2021