غەفوور مەخموورى بۆ ئاژانسى هەواڵى حەیاتى نێودەوڵەتى و ئاژانسى هەواڵى الشرق : حکومەتى عێراق ناتوانێ سەروەرى خۆى بپارێزێ و دەسەڵاتى بەسەر خاک و ئاوو ئاسمانى وڵاتەکەیدا نییە

تموز/يوليو 26, 2021



  میدیا - هەولێر :
 ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٥ / ٧ / ٢٠٢١، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە پەیامنێرانى هەردوو ئاژانسى هەواڵى حەیاتى نێودەوڵەتى و ئاژانسى هەواڵى الشرق كردو، لەهەڤپەیڤینێکدا باسی لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارييه‌كانى ناوچەكە كرد.
 ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە بەڕێزان (ئەیاد محەممەد ئەمین و یوسف ئەلرکابى پەیامنێرانى هەردوو ئاژانسى هەواڵى حەیاتى نێودەوڵەتى و ئاژانسى هەواڵى الشرق)، لەهەڤپەیڤینێکدا سەبارەت بە رەوشى سیاسى کوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكە روانینى خۆى خستەڕوو و وەڵامى پرسیارەکانى هەردوو ئاژانسى دایەوە، سەبارەت بە رۆڵ و پێگەى باشوورى کوردستان لە هاوکێشە سیاسییەکاندا، مەخموورى وتى : (هەموو لایەک باش ئەوە دەزانن کەوا باشوورى کوردستان خاوەن پێگەو رۆڵى سیاسى خۆیەتى و سەرەڕاى ئەو گرفت و ئاستەنگانەى بۆى دروستکراو دروستدەکرێت بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، دەتوانین بڵێین کوردستان قۆناخە سەختەکانى دەربازکردووەو بەرەو دواڕۆژێکى گەش هەنگاو دەنێت، وڵاتانى جیهانیش ئێستا خوێندنەوەى نوێیان بۆ پێگەو رۆڵ و کاریگەرى کوردستان لە ناوچەکەدا هەیە و مامەڵەیەکى تایبەتى لەگەڵدا دەکەن، زۆربەى ئەو شاندانەى دێنە وڵاتانى ناوچەکەو بەغدا سەردانى کوردستانیش دەکەن، لەبەرئەوەى دەزانن کوردستان رۆڵى کاریگەرى خۆى دەبێت لەو گۆڕانکارى و پێشهاتانەى کەوا لە ناوچەکەدا روودەدەن.).
 هەروەها سەبارەت بە پرسى سەربەخۆیى کوردستان, مەخموورى وتى : (گەلى کوردستان وەک گەلانى دیکەى جیهان مافى رەواى خۆیەتى کەوا لەسەر خاکى خۆیدا دەوڵەتى خۆى دابمەزرێنێت، ئەوەى بۆ میللەتان رەوایە بۆ کوردیش رەوایە.).
 مەخموورى لە وەڵامى پرسیارەکانى هەردوو ئاژانسدا رەخنەى لە دەسەڵاتدارانى عێراق گرت و وتى : (دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، بە هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ کوردستان ئەو راستییەیان سەلماند کەوا روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت، روانینى هەر یەک لە جەعفەرى و مالیکى و عەبادى و زۆر کەسایەتى دیکەى عێراق و سەددام حوسین بۆ چارەسەرى پرسى کورد هەمان روانینە ! هەردوو لۆژیکى سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکتر گەیشتن،  ئەم روانين و هێرش و پەلامارانە پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە.).
 سەبارەت بە میلیشیاکانى حەشدى شەعبى و کارە ناڕەواو نایاساییەکانیان و هێرشکردنە سەر هەولێرو فڕۆکەخانەى هەولێر، مەخموورى وتى : (هێزەکانى حەشدى شەعبى میلیشیا و هێزى دەرچوو لە یاسان، حکومەتى عێراق دەسەڵاتى بەسەریاندا نیە، لە عێراق چەندین کارو هێرشى ناڕەوا ئەنجامدەدەن، ماوەیە رقى بۆگەنیان دەڕێژنە هەولێر و فڕۆکەخانەى هەولێرو چەند شوێنێکى دیکەى کوردستان بە ئامانج دەگرن، ئەوانە هەموو کارى تیرۆریستین، حکومەتى عێراقیش جگە لە لێدوان و قسە ناتوانێ لە بەرامبەریاندا هیچ بکات، هەموو لایەکیش بینیمان کەوا کەسێکیان گیرا چۆن بە هێز چوون لە ناوچەى سەوزى بەغدا دەریانهێناو ئازادیانکرد، لە راستیدا ئێستا ئەوان دەسەڵاتدارى عێراق و حکومەتى عێراق لە ئاستیاندا زۆر بێدەسەڵاتە.). هەر لە درێژەى هەڤپەیڤینەکەدا مەخموورى حکومەتى عێراقى بە لاواز وەسفکردو، وتى : (حکومەتى عێراق حکومەتێکى لاوازەو ناتوانێ سەروەرى خۆى بپارێزێ و دەسەڵاتى بەسەر خاک و ئاوو ئاسمانى وڵاتەکەیدا نییە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ئەوانەى حوکمى عێراق دەکەن زۆربەیان کەسانى نیشتمانى نین بەڵکو کەسانى هەڵپەرست و گرێدراوى وڵاتانى ناوچەکەو بازرگانى سیاسین، بەرامبەر هەموو کەس بێدەسەڵات و دەست لەسەر سینگن، تەنها بۆ دژایەتى گەلى کوردستان هاوڕاو هاوهەڵوێستن.).

 شایانى باسە مەخموورى سەبارەت بە چەندین و پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە رەوشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە روانینى خۆى خستەڕوو لە رۆژانى داهاتوودا تەواوى هەڤپەیڤینەکە لەلایەن هەردوو ئاژانسەوە بڵاودەکرێتەوە.