پەیامى پیرۆزبایى سکرتێرى گشتیى YNDK بۆ سەرنووسەرو دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسانى گۆڤارى (گوڵان)

نيسان/أبريل 22, 2020

براى به‌ڕێزمان کاک فەرهاد محەممەد سه‌رنووسه‌رى گۆڤاری (گوڵان)
 بەڕێزان ئەندامانى دەستەى نووسەران و رۆژنامەنووسان و کارمەندانى گۆڤارى گوڵان
‎   سڵاو و ڕێز
‎ بەبۆنەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەى گۆڤاری (گوڵان)ى ئازیز، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەکەین و، هیوادارین (گوڵان) وەک هەمیشە بوێر و هەقگۆ و پێشەنگ بێت.
 بێگومان گۆڤارى گوڵان ؛ لەماوەى بیست و حەوت ساڵ تەمەنى خۆیدا خزمەتێکى زۆرى بوارى ئازادى بیرو ڕا و قوڵکردنەوەى گیانى پێکەوەژیان و بڵاوکردنەوەى هزر و هۆشیارى نەتەوەیى و نیشتمانى کردووە، بەردەوام هەوڵیداوە بە نووسین و شرۆڤەکانى پیلانى دوژمن و ناحەزانى گەلى کوردستان ئاشکرا بکات و مەترسییەکانى بۆ کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بخاتەڕوو و، رووبەڕووى هەڕەشەکان ببێتەوە، دیارە کە چەکى ئەو رووبەڕوونەوەیەى گوڵان پێنووس و وشە بووە، بۆیە دەتوانین بڵێین (گوڵان) سەنگەرێکى قایمى بەرەڤانیکردن لە دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان بووە.
 (گوڵان) ؛ بە ئیمکانیاتێکى کەمەوە ئەرکێکى گەورەى راپەڕاندووەو کارى مەزنى ئەنجامداوە، لەهەمان کاتدا دەتوانین بڵێین رۆڵى سەنتەرێکى گەورەى لێکۆڵینەوەى گێڕاوە، بۆیە پێویستە گۆڤارى گوڵان فراوانتر بکرێت و بکرێتە (سەنتەرى لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونى سیاسیى گوڵان)، لەبەرئەوەى بەهەق ئەو رۆڵەى گێڕاوە و، توانیویەتى پەیوەندییەکى فراوان لەگەڵ لێکۆلەر و شرۆڤەکارانى بوارى سیاسى و ئابوورى و ئەمنى و کلتورى و کۆمەڵایەتى و کارگێڕى و دەوڵەتدارى لەسەر ئاستى ناوخۆ و وڵاتانى عەرەبى و بیانى دروستبکات.  
‎ پڕ بە دڵ دەستخۆشى و پیرۆزباییاتان لێدەکەین و بە گەرمى دەستى ماندووبوونتان دەگوشین و هیوای بەردەوامی و پێشڤەچوون و سەرکەوتنى زیاترتان بۆ دەخوازین.
لەگەڵ رێزو خۆشەویستى زۆرمان بۆ هەموو لایەکتان.

غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
  ٢٠ – ٤ - ٢٠٢٠