پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK لە سى و دووەمین ساڵیادى کارەساتى ئەنفالدا

نيسان/أبريل 13, 2020

یادى ئەنفال یەکڕیزى و یەکدەنگیمان لێدەخوازێت
 - جەماوەرى خۆڕاگرو وڵاتپارێزى کوردستان ...                         
 - بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کارەساتى ئەنفالى کوردستان ...
 ئەمڕۆ ٣٢ ساڵ بەسەر گەورەترین تاوان دژ بە گەلى کوردستان تێدەپەڕێت؛ تاوانى جینۆسایدکردنى ژن و منداڵ و پیرو گەنجى کوردستان و زیندەبەچاڵکردنیان و وێرانکردن و سوتاندنى گوندو شارۆچکەکانى کوردستان، کە ئەویش تاوانى بەدناوى ئەنفالە، ئەنفال ؛ قێزەونترین تاوانى سەردەم بوو دژى نەتەوەى کورد و گەلى کوردستان ئەنجامدرا، ئامانجی رژێمی بەعسى فاشی له‌ ئه‌نفالكردنی كوردستان، له‌ناوبردنی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو به‌ خاك و خه‌ڵكه‌وە، تاوانێک بوو دژ بە تەواوى مرۆڤایەتى، لەدواى رووخانى رژێمى بەعس لە 2003 ئەوانەى لە عێراق جلەوى دەسەڵاتیان گرتە دەست بەردەوام بوون لەسەر هەمان سیاسەت و هەمان عەقلییەتى فاشییانە، ئيستاش به‌شێكى زۆرى شۆڤێنييه‌كانى عێراق به‌هه‌مان عه‌قلييه‌ت بير ده‌كه‌نه‌وه‌و ره‌فتار ده‌كه‌ن و، ئەگەر دەسەڵاتى بەعسیان هەبا لە بەعس خراپتر دەبوون، بۆيه‌ پێویستە گەلى کوردستان ئەم تاوانە هۆڤانەیەى بەعس و شۆڤێنییەتى عەرەبى عێراق لەبیر نەکات.
 لەهەمان کاتدا ؛ لەم یادەدا پێویستە سەرکردایەتى سیاسى کوردستان لە ساڵیادى ئەنفالدا ناوماڵى کوردستان رێک و یەکبخاتەوەو بە یەکدەنگى و یەکڕیزى کار بۆ سەربەخۆیى کوردستان بکات، لەبەرئەوەى باشترين وه‌ڵامى گه‌لى كوردستان بۆ تاوانى ئه‌نفال ته‌ڵاقدانى عێراق و راگه‌ياندنى سه‌ربه‌خۆيى كوردستانه‌، بێگومان تەنها سەربەخۆیى کوردستان و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستان زامنە بۆ دووبارەنەبوونەوەى ئەنفالێکى دیکە.
- سڵاوو درود بۆ رۆحی پاكی ئه‌نفالكراوانی كوردستان.
- سه‌ربه‌رزی بۆ بنه‌ماڵه‌و كه‌س و كاری ئه‌نفالكراوان و تەواوى شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- رووڕه‌شی بۆ دوژمن و داگیركه‌رانی كوردستان.

                                                              غه‌فوور مه‌خمووری
                                                               سکرتێرى گشتیى
                                                  یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
                                                               14 / 4 / 2020