وەزارەتی ئەوقاف لەسەر كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان لە مانگی ڕەمەزان ڕوونكردنەوە دەدات

نيسان/أبريل 12, 2020

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕایدەگەیەنێت، لەهەندێ پەیج و ئەكاونتی جیای تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەناوی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی باس لەكردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەكەن، هەروەها لێدوانی جیا و ناڕاست بەناوی وەزارەتمان بڵاودەكرێتەوە.

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەرلەبەری ئەو هەواڵ و وتانە دوورن لە ڕاستییەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەر كەس و لایەنێك بە پەرۆشترە بۆ كردنەوەی دەرگای مزگەوتەكان، بەڵام لەئێستادا پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی ئازیز كاری لەپێشینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

وتیشی”ئەم بابەتانە پەیوەست نین بە بەبڕیاری وەزارەتێك، بەڵكو لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی بەرەچاوكردنی باش بوونی ژینگەی تەندروستی بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە دەدەن، لێرەوە ڕایدەگەیەنین هەر كەس و لایەنێ لێدوان بەناوی وەزارەتمانەوە بڵاوبكاتەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خه‌لك