- جه‌ماوه‌ری وڵاتپارێزی كوردستان ...
- كه‌سوكاری سەربەرزى شه‌هیدانی كوردستان ...
- حزب و لایه‌نه سياسييەكان و رێكخراوه‌كانی کۆمەڵگەى مەدەنى لە كوردستان ...
(29) ساڵ به‌ر له‌ئه‌مڕۆ؛ له رۆژی 5ی ئاداری ساڵی 1991 جه‌ماوه‌ری كوردستان له رانیه‌ی ده‌روازەى راپەڕینە‌وه له‌دژی رژێمی به‌عسی فاشى راپه‌ڕی و له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ته‌واوی شاره‌كانی باشووری كوردستان له به‌عسی داگیركه‌ر پاككرایه‌وه و موژده‌ی ئازادی و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستان به‌سه‌ر جه‌ورو سته‌م راگه‌یەنرا، له‌م رۆژه‌دا گه‌لی كوردستان بۆ هه‌موو دونیای سه‌لماند كەوا ژێرده‌سته‌یی قبوڵناكات و هه‌ر كاتێ ده‌رفه‌تى بۆ بگونجێ راپه‌ڕین و شۆڕش ده‌كات و كوردستان له‌داگیركه‌ران پاكده‌كاته‌وه.
یادی راپه‌ڕینی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردووه جیاوازه به‌هۆی هه‌ستیاری بارودۆخه‌كه و شكستهێنانی حكومه‌تی عێراق و هه‌وڵدان بۆ په‌راوێزخستنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان كه له ده‌ستوور چه‌سپێندراوه، بۆیه پێویسته بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانییه‌كان به‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه یه‌كگرتوو یه‌كگوتار بین، نزيكەى ساڵێكیشه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی كوردستان ده‌ست به‌كاربووه، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا هەنگاوى باش بنێت بۆ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاتر‌و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ناداپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و حزب حزبێنه و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆي‌دا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه بكات كه به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق.
ئێمە لەکاتێکدا کەوا یادى راپەڕین دەکەینەوە؛ ڤایرۆسی كۆرۆنا وەک مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر هه‌موو مرۆڤایه‌تی لە بەشێکى زۆرى وڵاتان و جیهان بڵاوبۆتەوە، پێویستە هاوڵاتیانى كوردستان ده‌بێ به‌ئیڕاده‌وه دوور له‌ترس و دڵه‌راوكێ بنه‌ما خۆپارێزییه‌كان جێبەجێبکەن بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له‌و په‌تا كوشنده‌یه، پێویستە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و هه‌موو لایه‌كمان به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیارییه‌تییەوە هه‌ریه‌كه‌و به‌ئه‌ركی خۆمان هه‌ڵبستین بۆ رێگرتن لە ته‌شه‌نه‌كردنی ئه‌و ڤایرۆسه، له‌سۆنگه‌ی به‌رپرسیاریيه‌تی نیشتمانییه‌وه ئێمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK هه‌موو توانایه‌كمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ هاوكاریكردنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌پێناو پاراستنی خه‌ڵكی كوردستان.
له‌ساڵیادی راپه‌ڕیندا؛ لێرەوە پیرۆزبایی له گەلى كوردستان و خۆمان ده‌كه‌ین و هیوای ئه‌وه ده‌خوازین ئه‌م یاده ببێته هەوێنى یه‌ككڕیزی و تەبایى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و كۆتایی هێنان به سەرجەم كێشه‌و گرفتەکانی نێوانیان، بۆئەوەى به‌هه‌موو لایه‌كمان بتوانین نێوماڵی كوردستان رێكبخه‌ینه‌وه‌و پارێزگاری له‌خاكی كوردستان بكه‌ین و چاكسازییه‌كی راسته‌قینه له‌هه‌موو بواره‌كاندا ئه‌نجامبدەین.
- نەمرى بۆ شەهیدانى رێى سەرخۆبوون و ئازادى کوردستان.
- مردن و رووڕه‌شی بۆ نۆكه‌ران و دوژمنانی كوردستان.
مه‌كته‌بی سیاسيی
یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
14ی ره‌شه‌مێ 2719ی كوردى
5ی ئاداری 2020ی زایینی