ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٤ / ٢ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى باڵاى پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) کرد و، لەدیدارێکى برایانەدا باسیان لە رەوشی سیاسى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و دواین پێشهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەر دوو لا كرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی و بەرپرسی هەرێمی هەولێر و جەلال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانکرد لە شاندێکى باڵاى پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى)، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (د. ئازاد ئەحمەد عەلى جێگرى سکرتێر و وەیسى مستەفا ئەندامى کۆمیتەى سیاسى و ئامینە رەشۆلیک و مەحموود محەممەد و فەرهاد وسو محەممەد و عەبدولباقى رەجۆ ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى).
لە دیدارێکى برایانەدا، باس لە رەوشى سیاسى کوردستان و پێشهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان و ناوچەکە کرا و، شاندى میوان لە وتەیەکى کورتدا سەبارەت بە رۆژئاواى کوردستان روانینى خۆیان خستەڕوو، هەروەها سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا تیشکى خستەسەر رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی رۆژئاواى کوردستان و ناوچەكەو گرنگى زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا جارێکى دیکە پێشنیارى پێکهێنانى لێڤەگەڕێکى سیاسى بۆ لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان کرد، کەوا هەموو لایەنەکان لەژێریدا کۆببنەوە، ئەمەشى وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان خستەڕوو، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە کارو خەباتى نەتەوەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK هاوسۆزى و پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان راگەیاند، هەر لە دیدارەکەدا شاندى میوان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.
لەدوا تەوەرى دیدارەکەشدا هەر دوو لا جهختیانكردهوه سهر پتەوکردنى پەیوەندی برایانە و هاوخەباتی نێوان پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.