*سکرتێرى گشتیى YNDK پێشوازى لە شاندى هاوبەشى پارتى دیموکراتى پێشڤەڕۆى کورد لە سوریا و پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) دەكات*

شباط/فبراير 14, 2026

میدیا - هەولێر :

پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٤ / ٢ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى هاوبەشى پارتى دیموکراتى پێشڤەڕۆى کورد لە سوریا و پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى)  کرد و، لەدیدارێکى برایانەدا باسیان لە رەوشی سیاسى و یەکڕیزى گەلى کوردستان و پێشهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەر سێ لا كرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان ( د. شاخەوان  خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار مەخمووری و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و  فاخیر نانەکەلى ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی و بەرپرسی هەرێمی هەولێرى YNDK)، پێشوازیانکرد لە شاندى هاوبەشى پارتى دیموکراتى پێشڤەڕۆى کورد لە سوریا و پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (عەلى شمدین و وەیسى مستەفا ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و ئامینە رەشۆلیک و ئەحمەد سمۆ و رەزوان شێخۆ ئەندامانى کۆمیتەى سەرکردایەتى).

 لە دیدارێکى برایانەدا، باس لە رەوشى سیاسى کوردستان و پێشهاتەکانى رۆژئاواى کوردستان و ناوچەکە کرا و، شاندى میوان لە وتەیەکى کورتدا سەبارەت بە رۆژئاواى کوردستان روانینى خۆیان خستەڕوو، هەروەها  سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا تیشکى خستەسەر رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی رۆژئاواى کوردستان و ناوچەكەو گرنگى زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا جارێکى دیکە پێشنیارى پێکهێنانى لێڤەگەڕێکى سیاسى بۆ لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان کرد، کەوا هەموو لایەنەکان لەژێریدا کۆببنەوە، ئەمەشى وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان خستەڕوو، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە کارو خەباتى نەتەوەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK هاوسۆزى و پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ خەبات و بەرخودانى رۆژئاواى کوردستان راگەیاند، هەر لە دیدارەکەدا شاندى میوان، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK لە پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.

 لەدوا تەوەرى دیدارەکەشدا هەر سێ لا جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر پتەوکردنى پەیوەندی برایانە و هاوخەباتی نێوان پارتى دیموکراتى پێشڤەڕۆى کورد لە سوریا و پارتى یەکێتى دیموکراتى کورد لە سوریا (یەکێتى) و YNDK لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.