شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ى ديموكراتى گه‌لى كوردستان ده‌كات

كانون2/يناير 04, 2026

   میدیا- هه‌ولێر :  

  شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK؛ سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ى ديموكراتى گه‌لى كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌كات، سەبارەت به‌ رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان كرد .

رۆژی يه‌كشەممە رێكه‌وتی 4-1-2026، شاندێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDK كە پێكهاتبوو لە هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه‌كان و جه‌لال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانىYNDK)، سەردانی مه‌كته‌بی سیاسيی بزووتنه‌وه‌ى ديموكراتى گه‌لى كوردستان -یان لە شاری هەولێر كرد و بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (قه‌هار محه‌مه‌د و خه‌ليل مه‌حموود و نه‌هرۆ جه‌لال ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و هاوڕێ سه‌باح به‌رپرسى ناوه‌ندى كه‌ركووك و ئازاد عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامى مه‌كته‌بى په‌يوه‌ندييه‌كان )ەوە پێشوازییان لێكرا.

 شاندى YNDK سه‌ره‌تا له‌ ته‌ندروستى هاوڕێ مام خدر ڕووسى سكرتێرى گشتى بزووتنه‌وه‌ى ديموكراتى گه‌لى كوردستان-ى پرسى و هيواى زوو چاكبوونه‌وه‌ و ته‌مه‌ن درێژى بۆ به‌ڕێزيان خواست، هه‌روه‌ها له‌دانيشتنه‌كه‌ باس لە رەوشی سیاسی و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و جیهان و چەند پرسێکى دیکە كرا، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی تەواوی هێز و لایەنە سیاسى و پێكهاتەكان و هاوهەڵوێستی لایه‌نه‌كان بۆ پاراستن و چەسپاندنی دەستكەوتەكان و به‌دەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان‌.

لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.