په‌يامى پيرۆزبايى سكرتێرى گشتیى YNDK به‌بۆنه‌ى ساڵى نوێ

كانون2/يناير 01, 2026
بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان ...
قاره‌مانان له‌ هێزه وڵاتپارێزە‌كانى كوردستان لە پێشمه‌رگه ‌و شه‌ڕڤانان ...
گه‌لی خۆڕاگری كوردستان ...
ساڵی نوێتان پیرۆزبێت ...
له‌كاتێكدا كه‌وا ساڵى 2025 ته‌واو ده‌بێت، هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانين كه‌وا ساڵى 2025 بۆ گه‌لى كوردستان ساڵێكى دژوارو سه‌خت بوو، له‌لايه‌ك به‌رده‌وامبوونی ململانێ حزبييەکان و پەرش و بڵاوی ناوەندی سیاسیی کوردستان و، له‌لايه‌كى ديكه‌وه درێژه‌دانی‌ حكومه‌تى ئێراق به‌ سياسه‌تى برسیکردنی خەڵکی کوردستان و داگیرکردن و خۆسەپاندن لە کەرکووک و مەخموور و ناوچە دابڕێنراوەکانى باشوورى کوردستان، هه‌روه‌ها له‌ باكوورى كوردستان رژێمی داگیرکەری تورکیا تا ئیستاش بەردەوامە لە لەسەر سیاسەتی فێلکردن لە خەڵکی کوردستان لەژێر ناوی پرۆسەی بەناو ئاشتی، کە جگە لە فێلکردن لە کورد هیچی دیکە نیە، له‌ رۆژهه‌ڵاتى كوردستانيش لە سایەی رژێمی داگيركه‌ری ئێران رۆژانه‌ رۆڵه‌كانمان زيندانى ده‌كرێن و له‌ سێداره‌ ده‌درێن، لە ڕۆژاڤای کوردستانیش ئەوە هەموو لایەک دەبینین کەوا حکومەتە لەرزۆکەکەی جۆلانی چۆن دژایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئه‌و هه‌موو دژايه‌تيكردنه‌ى گه‌لى كوردستان له‌لايه‌ن تيرۆيستان و داگيركه‌ران و دوژمنان و ناحه‌زانى كوردستان هه‌مووى بۆ شكاندنى هه‌يبه‌تى گه‌لى كوردستان و له‌ناوبردنى ده‌سكه‌وته‌كانى بووه‌، به‌ڵام به‌خۆشحاڵييه‌وه‌ گه‌لى كوردستان خۆڕاگرانە رووبه‌ڕووى ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ بۆوه‌ته‌‌وه‌و (پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان) به‌رگریان له‌ خاك و خه‌ڵكى كوردستان کردووەو ده‌كه‌ن.
ئەم رەوشەى کوردستان لەهەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا لە ساڵى نوێدا بە بەرنامەیەکى نوێى نەتەوەیى و نیشتمانى کار بۆ یەکڕیزی و رێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان بکەین و، هەنگاوبنێین بۆ بەستنى کۆنگرەیەکى نەتەوەیى فراوان کەوا هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان تێیدا کۆببنەوە، بێگومان ئەمەش دەبێتە فکتەرێکى گرنگ بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى گەلى کوردستان.
لێره‌وه‌ به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان و ته‌واوى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و شه‌ڕڤانان و گه‌ريلا و هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین و، ئاواتەخوازین ساڵی 2025 ناخۆشييه‌كانى له‌گه‌ڵ خۆيدا ببات و، ساڵى نوێى 2026 خێرو خۆشی و ئاشتی و برایەتی و ئارامی بۆ گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و جیهان بێنێت و، ببێته‌ ساڵی ئازادی كوردان و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.
له‌گه‌ڵ رێزو خۆشه‌ویستی دووباره‌مان بۆ هەموو لایەک. ... هه‌ر بژین و شادو سه‌ركه‌وتووبن.
غه‌فوور مه‌خمووری
سکرتێرى گشتیى
یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
1 / 1 / 2026