*سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکی ڕێکخراوی ستودە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان دەكات*

أيلول/سبتمبر 25, 2025
میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٥ / ٩ / ٢٠٢٥، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سەرۆکی ڕێکخراوی ستودە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان كرد و، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی کۆمەڵایەتى و سیاسی كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵ قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسیى YNDK ، پێشوازیكرد لە بەڕێزان (مامۆستا مەلا ئەنوەر محەممەد خۆشناو سەرۆکى رێکخراوى ستودە بۆ پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ئەبوبەکر سلێمان و ئەحمەد نەجات خۆشناو ئەندامانى رێکخراوەکە)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی کۆمەڵایەتى و سیاسی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر زیاتر بایەخدان بە قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان و ئاشتەوایى کۆمەڵایەتیى لە کۆمەڵگەى کوردستان و، هەروەها رۆڵى رێکخراوى ستودە لەم بوارەدا بەگرنگ وەسفكرا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.