سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دەكات

كانون1/ديسمبر 24, 2024
غەفوور مەخموورى: پێویستە لە روانگەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانییەوە سەیرى پرسى رۆژئاواى کوردستان بکەین و کار بۆ پاراستنى بکەین
زەینەب موراد: ئامانجمان ئەوەیە بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ پاراستنى رۆژئاواى کوردستان و زەمینەسازکردن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکان
 
میدیا - هەولێر :
ئێوارەى ئەمڕۆ ٢٤ / ١٢ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسیى كوردستان و یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێر و زنار سارمەمى ئەندامى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK ، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (زەینەب موراد هاوسەرۆکى KNK و شەهلا حەفید و رەفیق غەفوور ئەندامانى کۆنسەى رێڤەبەرى و شوکروڵڵا حەمەدەمین و فوئاد سیاسى ئەندامانى KNK)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روویانداوەو روودەدەن و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس رووخانى رژێمى سوریا و دەستدرێژییەکانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان کراو جەختکرایەوە سەر ئەوەى کەوا بۆ دەربازکردنى ئەم قۆناخەو بەرگرتن لەو مەترسییانەى لەسەر رۆژئاوى کوردستان هەن، پێویستە لە رێگەى دیالۆگ و راوێژى نەتەوەیى لە نێوان تەواوى هێزە سیاسییەکانى کوردستان پڕۆژەو نەخشە رێگایەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژێت، هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان بە یەک شاندى یەکگرتوو بچنە شام بۆ دیالۆگ لەگەڵ حکومەتى راگوزەرى سوریا بۆ وەدەستهێنانى مافە رەواکانى گەلەکەمان لە رۆژئاواى کوردستان, سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە پرسى رۆژئاواى کوردستان وتى : (ئێمە وەکو YNDK باوەڕمان وایە کەوا پێویستە لە روانگەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى سەیرى پرسى رۆژئاواى کوردستان بکەین و، پێویستە هەموو لایەکیشمان هاوکاربین بۆ ئەوەى گرژى و ناکۆکى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن چارەسەربکرێن، لەبەرئەوەى شەڕ جگە لە ماڵوێرانى سوودێکى دیکەى نیە و لە ئەنجامدا بە سوودى دوژمن و زیانى گەلى کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى خوشک و برایانمان بین لە رۆژئاواى وڵات و هەوڵى یەکریزى و لەهەڤهاتن بدەین.)، هەر سەبارەت بە پرسى رۆژئاواى وڵات هاوسەرۆکى KNK وتى: (ئامانجمان ئەوەیە کەوا بتوانین رۆڵ بگێڕین بۆ پاراستنى رۆژئاواى کوردستان و زەمینەسازکردن بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان و چەسپاندنى ئاشتى و دوورکەوتنەوە لە شەڕ)، هەر لە دیدارەكەدا هاوسەرۆکى KNK سوپاس و پێزانینی خۆیانی بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK راگەیاند سەبارەت بە هەڵوێستەكانی YNDK لە بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكاندا.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان