مه‌كته‌بی سیاسیYNDK به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK ده‌كات

كانون1/ديسمبر 24, 2024

میدیا - هه‌ولێر
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK)‌ كۆبوونەوەی خۆی به‌ئاماده‌بوونی هاوسه‌رۆك و  ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی KNK لە هەولێری پایته‌خت ساز ده‌كات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 24/12/2024 شاندێكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵ زەینەب موڕاد هاوسەرۆکى  كنك و هه‌ڤاڵ ره‌فیق و هه‌ڤاڵ شه‌هلا ) كه ‌له‌ ئه‌وروپا هاتبوونه‌وه‌ باشووری كوردستان و به ‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) ‌ له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییه‌كان ئه‌نجامدا، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا‌ د. شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌شدار بوو.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه‌ و جیهان كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌سووریا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست روویاندا، هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌موو لایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌لا‌یه‌ن دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌زموونی باشوور و رۆژئاوی وڵات هه‌یه و كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای كوردستان ده‌كه‌ن،‌ بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان له‌ ئاست به‌رپرسیارییه‌تیدا بین و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان لا‌یه‌نه‌ سیاسییه‌كان بكرێ و به‌یه‌كریزی و ته‌بایی كار بۆ پاراستنی ده‌سته‌كه‌وكانی گه‌لی كوردستان بكه‌ین، هه‌روه‌ها گفتوگۆ بۆ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی راوێژی نه‌ته‌وه‌یی كراو، له‌م باره‌یه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رنج و پێشنیار خرانه‌ڕوو ‌.