لە دەسپێکدا؛ دەستخۆشی لە بازنەی گفتوگۆی بەشی رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە پرسی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی وەك پرسێكی نیشتمانی و لە چوارچێوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان گەنگەشە دەكات و، ئەم پلاتفۆرمە كراوەیەی رەخساندووە بۆ ئەوەی هەموو لایەك بە جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی و بەجیاوازی نەتەوە و ئایینەوە قسەی راشكاوانەی خۆیان لەسەر بكەن.
لەمڕووەوە، روانینی من بۆ پكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، روانینێکى نەتەوەیى و نیشتمانییە و، وەک پرسێكی نیشتمانی کە پەیوەندی بە تێكرای لایەنە سیاسییەكان و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە هەیە، سەسرى ئەم پرسە دەکەم، بۆیە پێویستە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان وتەواوی پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان پشتگیری ئەم پرۆسەیە بكەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا كابینەی دەیەم پێكبهێنرێت.
ئامانجی گرنگ لە زوو پێكهێنانی كابینەی دەیەم ئەوەیە كە ئەم كابینەیە تەواوكاری بەرنامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت و دەرفەتێكی دیكە بە بەڕێز کاک مسرور بارزانی بدرێت بۆ ئەوەی ئەو بەرنامانەی لە كابینەی نۆیەمدا کارى لەسەرکرد، کە بریتى بوو لە بنیاتنانەوەى ژێرخانی کوردستان و سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و پاراستنى ئاسایشى کوردستان و بەهێزکردنى پێگەى دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکەو وڵاتانى عەرەبى و بەشێکى زۆرى وڵاتانى ئەوروپاو هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى و چەندین کارى گرنگى دیکە لەڕووى ئابوورى و کشتوکاڵ و سوود وەرگرتن لە ئاوى سەرزەوى و دروستکردنى بەنداوو بە بازاڕکردنى بەروبوومى جوتیارانى کوردستان و، پێویستە هەموو ئەو کارانە لەكابینەی داهاتوودا تەواوبکرێن، بێگومان بەرهەمى ئەو کارانەش بۆ بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەبێت، لێرەدا ئاماژە بە بەشێك لەو کارانە دەكەم كە لەكابینەی نۆیەمدا ئەنجامدراون و کاریان لەسەر کراوە:
1- بەرنامەی كابینەی نۆیەم لە دەستپێكەوە بەرنامەی دەوڵەتسازی بووە لە كوردستاندا، بۆ ئەمەش ئەولەویەتی ئەم كابینەیە هەوڵدان بووە بۆ بونیادنانەوەی ژێرخانی كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەر لەم كابینەیەدا بەرهەمی بونیادنانەوەی ئەو ژیرخانەمان بینی بەتایبەتی لە بوارەكانی بایەخدان بە " سیستماتیکردنى دەزگاو دامەزراوەکان، رێگاوبان و پردەكان، مامەڵەی دروست لەگەڵ سەرچاوەكانی ئاوی ژێر زەویی و دروستكردنی دەیان بەندا و پۆنت.. هتد".
2- لەسەر ئاستی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ، پێگەى دیپلۆماسى هەرێمى کوردستان بەهێزکردووەو لەسەر ئاستى وڵاتانى ناوچەکەو وڵاتانى عەرەبى و بەشێکى زۆرى وڵاتانى ئەوروپاو هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى پەیوەندییەکى باشى بنیاتناوە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانى کەنداو کە پێشتر پەیوەندییەکان لەو ئاستەدا نەبوون، بەڵام لە ئێستادا کابینەى نۆیەم توانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى کەنداو بەهێز بکات و بیانباتە ئاستێکى باش، لەهەمان کاتدا هەوڵیداوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كونسوڵگەری یان نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان نیە پەیوەندی دیپلۆماسی تازە بونیاد بنێت و، زەمینەیەكی گونجاوى دروستكردووە بۆ ئەوەی هەم ئەوان كونسوڵگەرى و نوینەرایەتی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە و هەمیش هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتیى خۆى لەو دەوڵەتانەدا بکاتەوە.
3- خاڵی هەستیار كە لە كابینەی نۆیەمدا دەكرێت ئاماژە و هەڵوەستەی لەسەربكەین، ئەوەیە هەر لەدەسپێكەوە لە كۆتایی ساڵی " 2019 تا 2024" ژینگەی كاركردنی ئەم كابینەیە بەردەوام سەقامگیر نەبووە و ڕووبەڕووی كێشەگەلێكی سەخت بووە كە لێرەدا ئاماژە بە هەندێكیان دەكەین:
ا- لە كۆتایی ساڵی 2019 ، بەهۆی خۆپیشاندانەكەی تشرینەوە ، باردۆخی سیاسیی عیراق تێكچوو و هەتا گەیشتە ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق دەست لەكار بكێشێتەوە و ، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەى ئەو رێككەوتنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی شیعە بۆ پێكهانی ئەو حكومەتە كردبوویان ببێتە مەرەكەبی سەر كاغەز و جێبەجێ نەكرێت، ئەم باردۆخە درێژەی كێشا تا پێكهێنانی كابینەكەی محەممەد شیاع سۆدانی لە ساڵی 2022.
ب- لە سەرەتای ساڵی 2020 پەتای كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی بڵاوبۆەوەو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئەوجا وێرای ئەوەی باردۆخی كەڕەنتینە راگەیەنرا و بازاڕ پەكی كەوت، لەهەمانكاتدا نرخی نەوتیش زۆر دابەزی.
ج- دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لە كۆتایی 2021 ، جارێكی دیكە بەهۆی لێكترازانی تەیاری سەدر لەلایەك و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەلایەكی دیكە، پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا پەكی كەوت، لەم باردۆخەدا هەرێمی كوردستان بووە ئامانجی هێرشی گروپە چەكدارەكانی شیعە بە درۆن و رۆكێت، لەمەش زیاتر دواتر گەیشتە ئەوەی چەند جارێك سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆكێتی بالیستی هەولێری كردە ئامانج.
د- دادگای فیدرالی كرایە ئامرازێك و دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنرا و چەندین بڕیاری نادەستووری دژی هەرێمی كوردستان دەركرد وەك " راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی كوردستان".
ه- ئالنگاریی سەرەكیش لەسەر ئاستی ناوخۆ بۆ كابینەی نۆیەم ئەوەبوو كە ئەو لایەنە سیاسیانەی هاوپەیمانیان پێكهێنابوو بۆ پێکهێنانى كابینەی نۆیەم ، وەك ئۆپۆزسیون مامەڵەیان لەگەڵ كابینەی نۆیەم دەكرد و هاوكاری سەرۆكی حكومەت نەبوون بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەكانی بەسەركەتوویی جێبەجێ بكات.
لەناو ئەو هەموو ئاستەنگ و ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوەوە، جەنابى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان خۆڕاگرانە درێژەى بەکارەکانیدا و رووبەڕووى ئالنگارییەکان بۆوە، لەگەڵ ئەوەی نەتوانرا كۆی بەرنامەی كابینەكە بە تەواوەتی و وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام توانرا مامەڵەیەكی لۆژیكیانە لەسەر ئاستی " بەڕێوەبردنی تەنگژەكان و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ كێشەكان بكرێت"، لەمەش زیاتر توانرا ئەو زەمینەیە بێنێتە ئاراوە كە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی ئازادانەو سەركەتوانە بەڕێوە ببرێت.
بۆیە بە بڕواى من لەدوای هەڵبژاردنە سەركەتووەكەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ، ئێمە هەموومان پشتگیری ئەوە بكەین كە دەرفەتێكی دیكە بدرێتە بەڕێز کاک مسرور بارزانی وەك سەرۆكی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی كابینەی نۆیەم درێژە پێبدات و هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات، كە ئەمەش شایەنی ئەوەیە هەموومان پشتیوانی بكەین.
وەك بەرێز سەرۆك مەسعود بارزانی رابەری بزاڤى رزگاریخوازی نیشتمانیى كوردستان، نەخشە رێگەی پرۆسەی سیاسیی داهاتووی كوردستانی خستۆتەڕوو ، نەخشە رێگەكە زیاتر خواستی شەقامی كوردستانی بەرجەستە كردووە كە ئەویش یەكبوون و یەكڕیزی نیشتمانییە لە چوارچێوەی " یەك هەرێم ، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە"، بەجێبەجێكردنی ئەم نەخشە رێگەیە ئێمە دەتوانین ببینە خاوەنی حكومەتێكی یەكگرتوو، بێگومان ئەو حكومەتە یەكگرتووە دەتوانێت پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو هاوكێشە سیاسیەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەو ناوچەی ئێمە تێیدا دەژین، بەهێزتر بكات، كە پێویستە ئەمەش خواستی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بێت و لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان پشتیوانی لەو حكومەتە یەكگرتووە بكەین.
لایەنێكی دیكە؛ كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە نابێت ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك حكومەتی ئەم حزب و ئەو حزب سەیر بكەین، بەڵكو دەبێت بەوشێوەیە سەیری بكەین كە حكومەت حكومەتی هەموو خەڵكی كوردستانە و، گرنگیشە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر هەموو جوگرافیای كوردستاندا هەبێت و، تەنیا بەم ئاراستەیەش ئێمە دەتوانین بەرەو داهاتوویەكی گەش هەنگاو هەڵبگرین، ئەمەش وا دەکات کەوا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و عێراق و ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەنگمان دلێرتر بێت، دەتوانین لە چارەسەركردنی كێشەكانمان لەگەڵ عێراق زیاتر پێدابگرین و مافەكانی خۆمان بەدەستبهێنێن و مەرجەکانمان بسەپێنێن و، لەسەر ئاستی ناوچەیى و نێودەوڵەتیش حسابێكی دیكەمان بۆ دەكرێت.
كەواتە ئەم خوێندنەوەیە ئەوەمان پێدەڵێت" بەهێزی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لە یەكبوون و یەكڕیزی كۆی لایەنە سیاسیەكانی كوردستاندایە، دەبێت هەوڵبدەین یەك گوتار و یەكهەڵوێست و یەكدەنگ بین، هەوڵیش بدەین ئەو كارنامەیەی لەكابینەی نۆیەمدا تەواو نەكراون لەكابینەی دەیەمدا تەواو بكرێن.
لەسەر هەموو لایەکمانە لەروانگەی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە سەیری پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین و، پێویستە ئەو لایەنە سیاسییانەی براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانن، ڕەچاوی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بكەن و ئامادەبن و پێشوازی لەیەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، لەم قۆناخەدا پێویستیمان بەوەیە "بەرگی تەنگى حزبی" فڕێبدەین و هەموو پێكەوە "بەرگی كوردستانیبوون" بپۆشین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەڕو باردۆخە ئاڵۆزەی کە ئێستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەیە، شەڕى غەزە و لوبنان و ئیسرائیل و، هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی شەڕی رووسیا و ئۆكرانیا كە کاریگەرى بۆ سەر ئەوروپا و بەشێکى زۆرى جیهانیش هەیە ، دەبێت لەوە ئاگاداربین ئەمانە هەموویان كاریگەریان لەسەر باردۆخی ئێمە دەبێت، بۆیە پێویستمان بەوەیە لەم قۆناخەدا ئێمە خۆشمان ئامادەسازییەك بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو باردۆخە دەكەین، چۆن مامەڵە لەگەڵ دەرهاویشتەو ئەگەر و پێشهاتەكانی ئەو باردۆخە ئاڵۆزە دەكەین، بۆیە لەئێستادا پێویستمان بەوەیە هەموومان هاوكارو پشتیوانی یەكدی بین و هەوڵبدەین پێگەی كوردستان بەهێزبكەین و، روانینمان ئەوە بێت کە سەركەوتنی كوردستان سەركەوتنی هەموو لایەكمانە، پێویستە هەر لەو روانگەیەشەوە سەیری ئەم پرسە نیشتمانییە (پرسى پێکهێنانى کابینەى دەیەمى حکومەتیى هەرێمى کوردستان) بكەین.