سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازى لە شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان دەكات

تشرين1/أكتوير 12, 2024
غەفوور مەخموورى: پێویستە کارى هەموو لایەکمان بنیاتنان بێت نەک رووخاندن
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٢ / ١٠ / ٢٠٢٤، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی له‌ شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و ناوچەکە و یەکڕیزى گەلى کوردستان كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. عەبدوڵڵا عەدۆ و قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ساڵح ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (دارا خەیلانى ئەندامى سەرکردایەتى و بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى دەرەوە و سازگار دڵشاد و عەبدولقادر هەرکى و دارا شێخانى ئەندامانى شاند)، لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو, جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوە و، یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی کوردستانییانە لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا, لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە پرۆسەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا و، سکرتێرى گشتیى YNDK وتى: (ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کەوا هەموو لایەکمان کاربکەین بۆ سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن و بەشێوەیەکى سەردەمییانەو بە زمانێکى شارستانییانە بانگەشە بکەین و خۆمان دوور بگرین لە زمانى زبرو یەکتر ناشیرینکردن، پێویستە کارى هەموو لایەکمان بنیاتنان بێت نەک رووخاندن.)، هەروەها مەخموورى وتى: (بەلاى ئێمەوە ئەوە گرنگە کەوا کوردستان لەم پرۆسەیەدا سەرکەوتووبێت، سەرکەوتنى کوردستان سەرکەوتنى هەموو لایەکمانە، بۆیە پێویستە دروشمى هەموو لایەکمان ئەوە بێت -کوردستان سەردەکەوێت-، سەرکەوتنى کوردستان لەم پرۆسەیەدا شانازییە بۆ تەواوى گەلى کوردستان.).
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.