هاوپەیمانى سەردەم بۆ تەواوکارییەکانى خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کۆدەبێتەوە

میدیا - هەولێر:

  ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی ١٥ی ئابى ٢٠٢٤، هاوپەیمانى سەردەم لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK ، لە شاری هەولێر، بە ئادەبوونى بەڕێزان (عەبدوڵڵاى حاجى مەحموود سەرۆکى هاوپەیمانى سەردەم و غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتيی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK و نەجات عومەر سورچى سەرۆکى پارتى پارێزگارانى کوردستان و باپیر کامەلا سکرتێرى گشتى پارتى رەنجدەرانى کوردستان) کۆبوونەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و دواین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و پرۆسەى هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان گفتوگۆیان کرد، بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەگەر و پێشهاتانەى کە دێنە پێشەوە، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو پاراستنى دەسکەوتەکانى گەلی كوردستان، هەروەها سەبارەت بە ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان تەئکید کرایەوە سەر ئەوەى کەوا پێویستە پرۆسەکە لە کەشێکى هیمن و بەشێوەکى پاک و روون بەڕێوەبچێت.

  هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە تەواوکارییەکانى هەڵبژاردنەکانى خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان، باسیان لە تەواوکارییەکانى خۆئامادەکردن و سەرخستنى لیستى سەردەم و پرۆسەکە کرد، هەروەها جەختكرایەوە سەر کارکردن لەسەر رێکار و کارنامەی لیستی هاوپەیمانی سەردەم.