پرسی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە شه‌شه‌م كۆنگرەیYNDK

تشرين2/نوفمبر 08, 2023

شاخه‌وان خالید

یەكێك لە پرسە هەرە گرنگەكانی كە تائێستا هەوڵی زۆری بۆ دراوە، كۆنگرەی نەتەوەیی كورده‌ به‌ به‌شداری حزب و لایەن و كەسایەتی و وڵاتپارێزەكانی كوردستان، لێرەو لەوێ گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ئاخو بۆ ده‌سپێكی كاره‌كانی كرا به‌ڵام به‌ئاكام نه‌گه‌یشت و ئه‌م دۆسیه‌یه‌ تا كاتێكی نادیار هه‌لگیرا، YNDK هەموو كات لە مینبەر و لە ڕێگەی پەیوەندییە فراوانەكانی بانگەشەی ئەوە دەكات، پێویستە بەزووترین كات جارێكی دیكه‌ هه‌وڵ بۆ به‌ستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ سەرجەم نیشتمانپەر و لایەنەكان و نەتەوەییەكان و هەموو پێكهاتەكان ببەسترێت.

ئەم پرسە جارێكی دیكە YNDK دەیباتەوە شه‌شه‌م كۆنگرەی خۆی تاوەكو بەدیدگا و تێڕواننێكی نوێیەوە كاری بۆ بكات، مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیار و گرنگە و پەیوەندیدار بە چارەنووس و دواڕۆژی نەتەوەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان دەكات، پرسیاری راستەوخۆ و كاریگەر ئەوەیە بۆچی هێندە پێداگیری لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەین؟ ئەی بۆ ئەم كۆنگرەیە لەم ئان و ساتە ببەسترێت؟ ئەم وەڵامانە ئەركی كۆنگرەی (YNDK)ە وەڵامی دروست و بەپێزیان بداتەوە، ئەم مەسەلەیە بە وردی شەن و كەو بكات، بۆچی به‌رده‌وام رێگری لە بەستنی دەكرێت؟ ئەم رێگرییانە چۆن هەڵبگیرێن؟ .

لەبەر ئەوەی كاتی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بە بەشداری سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم قۆناغە زۆر گرنگە، تاوەكو رێگرییەكانی بەردەم مافە نەتەوەییەكانمان دەست نیشان بكەین و ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان دابنێین.

 لەبەر ئەوەی كاتی هاتووە كوردیش وەكو هەموو نەتەوەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمافەكانی بگات و چیتر شەرم لە داگیركەران نەكات و بوێرانە باس لەمافەكان و سەربەخۆیی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات.

 

وێنه‌كان: ئه‌رشیفی میدیا