میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢٢ / ١٠ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى باڵاى بزووتنەوەی چاکسازی نیشتمانی كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسى كوردستان و یەکڕیزى گەلى کوردستان و پەیوەندى نیوان هەردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK) پێشوازیانكرد لە شاندى باڵاى بزوتنەوەی چاکسازی نیشتمانی، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (بێروون عومەر فەتاح سکرتێرى بزووتنەوە و، سەرتیپ حەمە سەعید و سەرهەنگ فەتاح و زەید عومەر ئەندامانى ئەنجوومەنى گشتیى بزووتنەوە)، لە دیدارێکى برایانەدا سەبارەت بە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گفتوگۆیان كردو، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و پێکهێنانى ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان وەک چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان باسى لێوەکرا و، هەردوولا هاوڕابوون کەوا پێویستە راوێژى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ دەربازکردنى قەیرانەکان و چارەسەرکردنى کێشەکان، هەروەها باس لەوە کرا کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان کرا و، هەردوو لا هاوڕابوون کەوا پێویستە پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى روون و دوور لە گزیکردن و لە کاتى دیاریکراودا ئەنجامبدرێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا, جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.