*سكرتێری گشتیی YNDK لە پێشوازى هەڤاڵ (د. شاخەوان خالید)دا: ئێمە وەک YNDKسەربەرزین بە کارو خەبات و هەڵوێستە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانمان*

تشرين1/أكتوير 16, 2023

میدیا - هەولێر:

  پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٦ / ١٠ / ٢٠٢٣، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە هەڤاڵ د. شاخەوان کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK كرد، دواى ئەوەى کەوا لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرابوو و ئازاد کرا،  لەدیدارەكەدا هەڤاڵ د. شاخەوان باسى لە گرتن و ئاستەنگەکانى فڕۆکەخانەى ئەنقەرە سەبارەت بە گەشتەکەى بۆ تورکیا کرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، پێشوازیكرد لە هەڤاڵ (د. شاخەوان کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK)، لە دیدارەکەدا کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى YNDK باسى لە شێوازى گرتن و راگرتن و مامەڵەى نامرۆڤانەى بەشى ئەمنییەتى فڕۆکەخانەى ئەنقەرە لەگەڵیاندا كرد و، وتى: به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی YNDK رێگری له‌ چوونه‌ ناو ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئێمە كراو به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نارێك و نایاسایی ئێمه‌یان گرت و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ و شه‌و‌ێك ده‌ستبه‌سه‌ركراین و پاسەپۆرت و مۆبایل و كه‌رەسته‌ كه‌سییه‌كانمان ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراو رێگریان كرد له ‌به‌شداریكردنی ئێمە له‌ كۆنگره‌ى پارتی چه‌پی سه‌وز، کە به‌شێوه‌ی فه‌رمی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDKیان بۆ گۆنگره‌ی چواره‌میان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له ‌رۆژی 15-10-2023 داوه‌تكردبوو.

 سکرتێرى گشتیى YNDK لەلایەن خۆیەوە وێڕاى بەخێرهاتنەوەکردنى بەڕێزیان و ئیدانەکردنى ئەو کارە نامرۆڤانەیەى رژێمى داگیرکەرى تورکیا بەرامبەر بە YNDK، وتى: (ئه‌م ره‌فتاره‌ی توركیا پێشێلکاری ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی هاتووچۆ و گەشتکردنه‌، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسایه‌كی سیاسی و مه‌ده‌نیه‌ کە لە رێككه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا رێککەوتنیان لەسەرکراوەو چەسپێندراون)، هەروەها وتى:  شانازییە بۆ مرۆڤ کەوا داگیرکەرانى کوردستان لێی رازى نەبن و حیساب بۆ هەڵوێستەکانى بکەن، بێگومان YNDK بەردەوام لە سەنگەرى گەلى کوردستان بووەو بە گژ سیاسەت و پیلانى داگەراندا چۆتەوە، ئەمەش وایکردووە کەوا دوژمن و داگیرکەرانى کوردستان بەردەوام حیساب بۆ هێزێکى وەک YNDK بکەن، ئێمە وەک  YNDKسەربەرزین بە کارو خەبات و هەڵوێستە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانمان و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو رێبازەى خۆماندا.