باس‌نیوز
سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان (YNDK)، باس له خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات و ئاماژه به‌وه ده‌كات، 16ی ئۆكتۆبه‌ر خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو، ده‌رهه‌ق به گه‌لی كوردستان كرا.
غه‌فوور مه‌خمووری، سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان، بۆ (باس‌نیوز) گوتی: "ئه‌مڕۆ له دیرۆكی گه‌لی كوردستان ڕۆژێكی زۆر ره‌شه، 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌وڵێك بوو بۆ له‌باربردنی خه‌ونی گه‌لی كوردستان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان ریفراندۆمی خۆی كرد و بڕیاری خۆی دا بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له كاتێكدا پێش ئه‌و رووداوه زۆربه‌ی زۆری خاكی كوردستان بە ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانەوە بوو، ئه‌و خیانه‌ته وای کرد زۆر ناوچه‌ی كوردستان، كه ناوچه‌ی ستراتیژین، وه‌ك کەرکووک و خورماتوو و مه‌خموور و شنگال و خانه‌قین و زۆر ناوچه‌ی دیكه له‌ده‌ست بدرێن، لە ئه‌نجامدا سوپای عێراق و میلیشیا عێراقییه‌كان ئه‌و ناوچانه‌یان داگیر كرد.“
گوتیشی: ”16ی ئۆكۆتبه‌ر خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بوو ده‌رهه‌ق به گه‌لی كوردستان كرا، جیا له‌وه‌ش، ئه‌و ناوچانه‌ی له سنووری ماده‌ی 140دان، وه‌ك كه‌ركووك و شنگال و مه‌خموور و قه‌راج و خانه‌قین، سه‌رجه‌میان له ره‌وشێكی زۆر خراپی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاریدا ده‌ژین و ده‌سه‌ڵاتێک بەسه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه فه‌رز كراوه، کە لەدەرەوەی ویستی ئەوانە و دووباره ئه‌و ناوچانه به‌عه‌ره‌ب كراونه‌ته‌وه و داگیر كراونه‌ته‌وه، ئه‌مانه سه‌رجه‌میان لێكه‌وتەی خراپی 16ی ئۆكتۆبه‌رن، ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه، ئێستا ئه‌و ناوچانه له‌ژێر ده‌ستی هێزی پێشمه‌رگه‌دا دەبوون، کە پێشتر ئازاد كرابوون.“
سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "ئه‌گه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بوایه، ده‌كرا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر چه‌سپاندنی سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان رێككه‌وتنی بكردبایه، به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌وڵه‌ش له‌بار برا، كه نه‌مانتوانی به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌وه سنووری كوردستان به‌ته‌واوی بچه‌سپێنین، بۆیه ده‌بێت وه‌ك گه‌لی كوردستان، ئه‌و رۆژه ره‌شه له‌بیر نەكه‌ین کە به‌هۆیه‌وه چه‌ند ساڵ گه‌ڕاینه‌وه دواوه، جیا له‌وه‌ش، ده‌بێ گه‌لی كوردستان له مێژوودا هەرگیز خیانه‌ت له‌بیری خۆی نەباتهوه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێكی دیكه نه‌توانن خیانه‌ت بكه‌ن، هەروەها ده‌بێ له ئاستی پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان به‌رگی حزبی فڕێ بدرێت و به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌ر بكرێت، بێ گومان ریفراندۆم ئاواتی هه‌موومان بوو بگه‌ینه ئه‌نجام و بەرهەمەکەی بدرووینهوه، به‌داخه‌وه 16ی ئۆكتۆبه‌ر هۆكار بوو بۆ ئه‌وه‌ی نه‌گه‌ینه ئاوات و ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم، ریفراندۆم وه‌ك پرۆسه سه‌ركه‌وتوو بوو، گه‌لی كوردستان بۆ یه‌كه‌م جار به كه‌ركووكیشه‌وه ده‌نگی به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا و له‌و رۆژه‌دا خه‌ڵكی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه ده‌نگیان دا به‌وه‌ی، نایانه‌وێت له سنووری جوگرافیای داتاشراوی عێراقدا بمێننه‌وه و دەیانەوێت بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌ر هەرێمی كوردستان.“
غەفوور مەخمووری ئه‌وه‌شی خسته روو: ”16ی ئۆكۆتبه‌ر یه‌كێك بوو له رۆژه هه‌ره ناخۆشه‌كانی ژیانم، چونكه ئێمه بهحهماسهتەوه به‌ره‌و سندووقی ده‌نگدان چووین و به هه‌موومانه‌وه بیرمان له ئاواكردنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كرده‌وه، نه‌ك رووبه‌ڕووی خیانه‌تێكی له‌و شێوه ببینه‌وه، له ئاستی ناوخۆ و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییش خیانه‌تمان لێ كرا و له‌و رۆژه‌دا هه‌موو جاڕنامه‌كانی مافی مرۆڤ پێشێل كران، كورد له‌به‌رچاوی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیدا مافی پێشێل كران، ئێمه‌ش مافی خۆمانه له‌سه‌ر خاكی خۆیان ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت، هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتننامانه‌ی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی خۆیان واژۆیان كردووه، پێشێلیان كرد و ئێمەیان راده‌ستی میلیشیا عێراقییەكان كردەوە.“