یازده‌ حزب و لایه‌نی سیاسیی كوردستان ده‌رباره‌ی ره‌وشی كه‌ركووك کۆدەبنەوە

أيلول/سبتمبر 07, 2023

میدیا- هه‌ولێر

 

ئێواره‌ی رۆژی 6-9-2023 له‌ شاری هه‌ولێر (11) حزب و لایه‌نی سیاسیی كوردستانی کۆدەبنەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو ده‌رباره‌ی رەوشی سیاسی کوردستان به‌تایبه‌ت ره‌وشی كه‌ركووك، لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوە هاوڕابوون هه‌موو كات کەرکوک شارى پێکەوەژیان و سومبولى برایەتى نێوان پێکهاتەکانى بووە و پێویستە هەموولایەکیشمان توانامان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى کەرکووک ئەو سیما جوانەى خۆى بە درەوشاوەیى بهێڵێتەوە و سیاسه‌تی جیاكاری  شوڤێنی دژی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی كه‌ركووك كۆتایی پێبهێنرێت، بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حکومەتى فیدراڵى عێراق و هێزى هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە زلهێزەکانى جیهان دەکەین هەرچى زووە رێگا چارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى کەرکووک بگرنە بەر.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌ پێكردنه‌ هه‌ڤاڵ د. شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كرد و راو سه‌رنجی له‌م باره‌یه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كان ده‌زگاكانی راگه‌یاندن خسته‌ڕوو.

 

ده‌قی  به‌یاننامه‌كه‌:

بەیاننامەى ژمارەیەک لەحزب و لایەنە سیاسیەکانى کوردستان سەبارەت بە بارودۆخى شارى کەرکووک

 

  • جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان....
  • خەڵکى تێکۆشەرى شارى کەرکوکى خۆشەویست....

ماوەى چەند رۆژێکە بارودۆخێکى نەخوازراو رووى لە شارى کەرکووک کردووە و لە ئەنجامى خۆپیشاندانێکى هێمنانەى خەڵکى کەرکووک کۆمەڵێک شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و لەهەمان کاتیشدا هەڵمەتێکى ناڕەواى دەستگیرکردنى گەنجان و چالاکوانانى شارەکە دەستى پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامى هەیە.

بێگومان کەرکوک هەمیشە شارى پێکەوەژیان و سومبولى برایەتى نێوان پێکهاتەکانى بووەو پێویستە هەموولایەکیشمان سەرجەم هێز و توانامان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى کەرکووک ئەو سیما جوانەى خۆى بە درەوشاوەیى بهێڵێتەوە، هەرچەند بە داخەوە لە دواى 16ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 سیاسەتێکى ناڕەواو نا هاوسەنگ دەرهەق بەو شارە پەیڕەو دەکرێ و ئەگەر بەزووترین کاتیش بەرى ئەو سیاسەتە نەگیرێ بێگومان سەردەکێشێ بۆ کارەساتى گەورەتر و کار لەکار دەترازێ.

هەر بۆیە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە حزبە کوردستانییەکان ئەمڕۆ 6-9-2023 لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان کۆبووینەوە و بە تێکڕا هاوهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەى پێویستە هەرچى زووە ئەو جۆرە سیاسەتە شۆڤێنى و تاک لایەنە کۆتایى پێ بێت . بۆ ئەم مەبەستەش داوا لە حکومەتى فیدراڵى عێراق و هێزى هاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە زلهێزەکانى جیهان دەکەین هەرچى زووە رێگا چارەى گونجاو بۆ چارەسەرکردنى بارودۆخى کەرکووک بگرنە بەر، لەسەروو هەمووشیانەوە پەلەکردن لە جێبەجێکردنى ماددەى 140ى دەستوورى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و ناوەند بەگشتى و کێشەى بودجە و شایستە داراییەکانى هەرێم بەتایبەتى. هەروەک داواکارین کارى جدى بکرێت بۆ گەڕانەوەى هێزى پێشمەرگە بۆ ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان. لەلایەکى ترەوە خوازیارین سنورێک بۆ بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق دابنرێت بەتایبەتى ئەو داوایانەى تایبەتن بە هەرێمى کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم.

هەروەک دووباتى دەکەینەوە ئێمە وەک هەمیشە پاڵپشتى خەڵکى رەسەنى کەرکووک دەبین بۆ بەزیندوو هێشتنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان و بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت و داواش لە سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکان دەکەین لە پێناو بەهێزکردنى پێگەى کورد و پێکهاتە رەسەنەکانى ترى کەرکووک ناکۆکیەکانیان وەلاوه‌ بنێن و یەک دەنگ و یەکهەڵوێست بۆ رێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستان .

لە کۆتاییدا سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدانى کەرکووک و سەرجەم شەهیدانى رێگاى رزگارى کوردستان دادەنەوێنین. هیواى زوو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

داوا لەلایەنە پەیوەندارەکانى شارى کەرکووکیش دەکەین هەرچى زووە سەرجەم گیراوەکان ئازاد بکەن.

 

حزب و لایەنەکان:

  • پارتى دیموکراتى کوردستان PDK
  • پارتى بونیادى دیموکراتى کوردستان
  • یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
  • پارتى دیموکراتى تورکمان
  • پارتى کۆمارى کوردستان
  • حزبى رزگارى کوردستان – دەستەى سەرۆکایەتى
  • پارتى گەشەپێدانى تورکمان
  • پارتى رزگارى نەتەوەیى تورکمان
  • پارتى گەلى تورکمان

10-بزوتنەوەى نوێبوونى کوردستان

     11-كۆمەلەی ڕۆشنبیری تورکمان لە کوردستان

 

هەولێر – 6ى ئەیلولى 2023