شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان سەردانى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دەكات

أيلول/سبتمبر 02, 2023

 میدیا - هەولێر :

 

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 2 / 9 / 2023، شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان سەردانى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK-یان كرد و، لە دیدارەکەدا باسیان لە بارودۆخی سیاسی كوردستان و هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و یەکڕیزى نێوانە لایەنە سیاسییەکان و پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.

 پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و د. عەبدوڵڵا عدۆ و قەهار مەخموورى ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و فاخیر نانەکەلى و جەلال سمایل کارگێڕانى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى و د. رێبوار ئیسماعیل ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ژمارەیەک لە ئەندامانى مەکتەبى پەیوەندییەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان)، لە دیدارێکى برایانەدا سەبارەت بە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گفتوگۆیان كردو، جەختیانكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەکان لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانیان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنى  مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسیى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان باسى لێوەکرا و، هەردوولا هاوڕابوون کەوا پێویستە راوێژى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام بێت بۆ دەربازکردنى قەیرانەکان، هەروەها باس لەوە کرا کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە، لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا باس لە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان کرا و، هەردوو لا هاوڕابوون کەوا پێویستە پرۆسەى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان بەشێوەیەکى روون و دوور لە گزیکردن و لە کاتى دیاریکراودا ئەنجامبدرێت.

 لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پەیوەندی نێوان YNDK و یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان كراو جەختكرایەوەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.