پیرۆزبێت یادی رۆژنامه‌گه‌ری و ساڵیادی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان

نيسان/أبريل 22, 2023

په‌یامی پیرۆزبایی رۆژنامه‌ی میدیا و ئاژانسی هه‌واڵی میدیا به‌ بۆنه‌ی (125) ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و (25) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان.

 

به‌رێزان رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی كوردستان....

به‌رێزان سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان....

ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی نووسراو و بیستراو و بینراو.....

 

له‌ يادى (125) ساڵه‌ى ڕۆژنامه‌گه‌ريى كوردى و (25) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى سه‌نديكاى ڕۆژنامه‌نووسانى كوردستان، پیرۆزبایی له‌ خۆمان و سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووس و راگه‌یاندكارانی كوردستان ده‌كه‌ین، هيواى سه‌ركه‌وتن بۆ رۆژنامه‌نووسان له‌ كار و پیشه‌یان ده‌خوازین،  سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكی ميقداد ميدحه‌ت به‌درخان  كه‌ يه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ى (كوردستان)ى له‌ دووره‌ وڵات له ‌قاهیره‌ی وڵاتی میسر له ‌ساڵی 1898 چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

لەکاتێکدا یادی رۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە، بەداخەوە دۆخی بەشێكی میدیا لە باشووری کوردستاندا، لەسەر رێچکە و پرەنسیپی پیشەیی ناڕوات و پاشا گه‌ردانییه‌ك له‌ میدیا و تۆره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و زانیاری لای هه‌ندێك ده‌زگای راگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئیتیکی کاری رۆژنامەنووسی فەرامۆشکراوه‌، له‌هه‌مان كاتدا به‌رده‌وام‌ هه‌ڕه‌شه‌ و رێگریكردن له‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ كاتی رووماڵكردنی هه‌واڵ‌ و‌ كاره‌كانیان ده‌كرێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌رك و كاری رۆژنامه‌نووسی زیاتر گرنگی پێبدرێ و گیانی رۆژنامه‌نووسان پارێزراو بێت و ئازاديى ڕۆژنامه‌گه‌رى و ڕاده‌ربڕين و ئازاديى خامه‌ و نووسين به‌ ته‌واوی فه‌راهه‌م بكرێت.‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری به‌شێكی گرنگی ديموكراسى و ئازادييه‌كان و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤه له‌ هه‌موو وڵاتێك و‌، ده‌بێ زیاتر بره‌ویان پێبدرێت.

داوا له ‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌كه‌ین ئه‌م بواره‌ زیاتر رێكبخه‌نه‌وه‌ و به‌ره‌و كۆنگره‌یه‌كی جۆری باش بۆ رێكخستنه‌وه‌ی نێو ماڵی رۆژنامه‌نووسان هه‌نگاو بنێت و ببێته‌ ماڵ و كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موو لایه‌كمان بتوانین بره‌و به‌و بواره‌ بده‌ین و ببینه‌ فاكته‌رێك بۆ پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانمان و پاراستنی گیان و ماڵی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان به‌گشتی.

  • سڵاو له‌ گیانی پاكی هه‌موو ئه‌و رۆژنامه‌نووس و میدیاكار و راگه‌یاندرانه‌ی له‌و بواره‌ بوونه‌ قوربانی وشه‌ی حه‌ق و ئازادی و گیانی خۆیان له‌پێناویدا پێشكه‌ش كرد.
  • سه‌ركه‌وێ وشه‌ی حه‌ق و ئازادی و كاری پیشه‌یی رۆژنامه‌گه‌ری كوردستان.

 

 

رۆژنامه‌ی میدیا

( ئاژانسی هه‌واڵی میدیا )

22ى نيسانى 2023ی زایینی