شاندێکى باڵاى YNDK ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبى شیوعى عێراق و کوردستان پیرۆز دەكات

نيسان/أبريل 01, 2023
میدیا - هەولێر :
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 1 / 4 / 2023، شاندێکى باڵاى YNDK سەردانی مەکتەبى سیاسیى حزبى شیوعى کوردستان-یان كردو، (89)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پیرۆزكردن و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتریان بۆ خواستن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، شاندێکى باڵاى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK کە پێکهاتبوو لە هەڤاڵان (غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK ، د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکان و جەلال سمایل ئەندامە مەکتەبى پەیوەندییەکانى YNDK ) سەردانی بارەگای مەکتەبى سیاسیى حزبى شیوعى کوردستان-یان كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (شێخ سدیق ئەحمەد جێگرى سکرتیرى حزب و کەمال شاکر سکرتێرى پێشووى حزبى شیوعى کوردستان و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و کۆمیتەى ناوەندى هەردوو حزبى شیوعى عێراق و کوردستان)ەوە پێشوازیكران، لەسەردانەكەدا سكرتێری گشتیى YNDK لە وتەیەکى کورتدا بەبۆنەی (89)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو حزبى شیوعیى عێراق و کوردستان، پیرۆزبایی خۆی و سەركردایەتی YNDK ی بە بەڕێزان سکرتێر و جێگرى سکرتێرو مەکتەبى سیاسى و سەركردایەتی هەردوو حزب راگەیاندو، هیوای پێشڤەچوون و گەشەكردنى زیاتر و سەركەوتنی بۆ خواستن و، رۆڵى حزبى شیوعى لە خەباتى بزاڤى رزگاریخوازى نیشتمانى کوردستان و عێراق بەرز نرخاند.
لە وتەکەیدا مەخموورى باسى لە رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردو، جەختیكردەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی لایەنەسیاسییەکان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانى لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی وەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرد، لەم پێناوەشدا رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و پێکهێنانى چەترێکى هاوبەش بۆ ئەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەژێریدا کۆببنەوە وەک چارەسەرییەک بۆ یەکێتى و یەکڕیزى گەلى کوردستان وەسفکرد، هەروەها باسى لەوە کرد کەوا پاراستنى قەوارەى باشوورى کوردستان ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى و ئەخلاقى هەموو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانە.
هەر لە دیدارەکەدا جێگرى سكرتێرى حزبى شیوعى کوردستان بەناوى هەردوو حزبى شیوعى عێراق و کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نیشتمانییەكان راگەیاند و، جەختیکردەوە سەر یەکریزى و بەیەکەو کارکردنى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەلى کوردستان.
شایانى باسە هەر لەو دیدارەدا هەردوو حزبى شیوعى کوردستان و عێراق و YNDK جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر پتەوکردنى پەیوەندی برایانەی نێوانیان لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.