راگەیاندنی كۆبوونەوەی حزب و لایەنە سییاسییەكانی مەخموور

ئەمڕۆ سێشەممە 2023/3/14 كۆبوونەوەی حزب و لایەنەسیاسییەكانی مەخموور لەبارەگای حزبی شیوعی كوردستان لەمەخموور بەڕێوەچوو، سەرەتای كۆبوونەوەكە بە دەقیقەیەك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد .
ئەمەو لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر رەوشی مەخموورو شارەدێكانی دەوروبەری كراو تیشك خرایە سەر كەموكوڕی و پێویستییەكانی دەڤەرەكە بەخزمەتگوزاری زیاترو بوژاندنەوەی ناوچەكە لەبوارە جیاجیاكاندا .
هەروەها بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و خاكی شارەكەو دەوروبەری، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا بەبەردەوامیدان بەكۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموورو سەردانیكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ خستنەرووی پێداویستییەكان و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی كە لەناوچەكەدا دێنە پێشەوە .
لەتەوەرێكی تردا جەخت لەسەر یەكریزی و یەكهەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییەكان كرا لەمەخموور بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر رووداو و پێشهاتێك و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لەناوچەكە لەهەموانی گەرەكە بەرگی تەسكی حزبایەتی دابكەنین و بەرگی كوردایەتی بپۆشین .
هەر بۆ ئەم مەبەستە لەكۆبوونەوەكەدا پێشنیاری پێكهێنانی ئەنجومەنی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور كرا، بۆ ئەوەی بتواندرێ‌ هەڵوێستەكان یەكبخرێ‌ و هەنگاوەكان بۆ زیاتر خزمەتكردنی شارەكەو دەوروبەری كاراترو خێراتر بەرێوە بچن و بەدواداچوونی بەردەوام لەم بارەیەوە بكرێ‌ .
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی مەخموور:
پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
بزوتنەوەی گۆِران
كۆمەڵی دادگەری كوردستان
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
حزبی شیوعی كوردسان .
مەخموور - 2023/3/14