فەخرەددین زیارەتى نوێنەرى YNDK لە بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیی KNK: سەرەڕاى سەختى قۆناخەکە پێویستە هەموو لایەکمان کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین

كانون1/ديسمبر 02, 2022
میدیا - بارلۆ - هۆڵەندا:
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى ڕێکەوتى ٢ / ١٢ / ٢٠٢٢، نوێنەرى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیى KNK) بوو، کە لە شارى بارلۆ لە هۆڵەندا دەچێت و هەر سێ رۆژى ٢ و ٣ و ٤ ى ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و، وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى خوێندەوەو داوایکرد کەوا تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوکارى یەکدى بن و کار بۆ یەکڕیزى و یەکێتى نەتەوەیى بکەن.
فەخرەددین زیارەتى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و نوێنەرى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە ئەوروپا، بە نوێنەرایەتیى YNDK ئامادەى رێوڕەسمى کردنەوەى (بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK) بوو، کە لە شارى ئەیدنهۆڤن لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت، نوێنەرى YNDK، لە کۆنگرەکەدا وتارى مەکتەبى سیاسیى YNDK ى پێشکەشکردو تیشکى خستەسەر رەوشى سیاسى کوردستان و هەڕەشەو پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و، داوایکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى داگیرکەران تەواوى هێزە سیاسییەکان و گەلى کوردستان یەکڕیزبن و کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەن و، وتى: (بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاو بگرین و سەرەڕاى سەختى قۆناخەکە کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین.)، زیارەتى ئەوەشى وت: (بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین.)، هەروەها زیارەتى جەختیکردەوە سەر کارکردن بۆ سەربەخۆیى کوردستان کرد و، وتى: (پێویسە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.).
ئەمەش دەقی وتارى مەکتەبى سیاسى YNDK ە، کەوا لە نۆزدەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK دا لەلایەن هەڤاڵ (فەخرەددین زیارەتى) ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى و نوێنەرى YNDK لە ئەوروپا پێشکەش کرا:
پەیامى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK
بۆ بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان KNK
- به‌ڕێزان هاوسەرۆکانى كۆنگره‌ی نەتەوەیى کوردستان KNK
- به‌ڕێزان ئه‌ندامانی بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیى KNK
- بەڕێزان نوێنەرانى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان
- خوشكان ....برایان ... میوانانی خۆشه‌ویست
سڵاوی سه‌رخۆبوون و ئازادیتان لێبێت....
بەناوی سکرتێرى گشتی و كۆمیتەی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی بەستنی بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان KNK جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازین.
بێگومان به‌ستنی بیست و یەکەمین جڤاتى گشتیى KNK لەم کاتەدا رووداوێكی گرنگ و مێژووییه‌و له‌كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا ده‌به‌سترێ كه ‌كوردستان و ناوچه‌كه‌ له‌به‌رده‌م قه‌یران و گرفت و گۆڕانكاری گه‌وره‌دان، تاوه‌كو بتوانین به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه‌ دیالۆگ و له‌یه‌كگه‌یشتن و قسه‌و باس له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ بكه‌ین كه ‌په‌یوه‌ندی به‌چاره‌نووسی گه‌لی كوردستان و خاكه‌كه‌یەوە هەیە، ده‌بێ راشكاوانه‌ گفتوگۆبكه‌ین و كێماسییه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزینه‌وه‌.
خوشکان ... برایان ...
ئه‌مڕۆ كوردستان و ناوچه‌كه‌ به‌گشتی به ‌قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌بن، به‌تایبه‌ت ئێستا کەوا رژێمى داگیرکەرى تورکیا بە شێوەیەکى نامرۆڤانە شەڕى دژى رۆژئاواى کوردستان راگەیاندووەو زۆر دڕندانە موشەکبارانى رۆژئاواى دەکات و، شه‌ڕێكی قورس له‌ باكوورو رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ رژێمی توركیا هه‌یه‌، پێویسته‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ پشتگیری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان سه‌رجه‌م هێزو لایه‌نه سیاسییە‌كانى کوردستان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و به‌شه‌ی وڵات به‌ده‌ستكه‌وته‌كانیانه‌وه‌ بپارێزین و پاڵپشتی له‌ رۆژئاوای كوردستان و دەستکەوتەکانى بكه‌ین کە بەشێکن له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هێرش و سنووربه‌زاندنی ده‌وڵه‌تی توركیا و رێگەخۆشکردنى تورکیا بۆ هه‌ڵهاتنی سه‌رانی داعش له‌ناو به‌ندینخانه‌كان زۆر مه‌ترسیدارن و بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ له‌بارببه‌ن و لۆزانێكی دیكه‌ به‌سه‌ر كورددا بهێنن و دیمۆگرافیای كوردستان بشێوێنن، له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش بارودۆخه‌كه‌ ئاڵۆزه‌و لە تەواوى شارەکانى رۆژهەڵات گەل راپەڕیوەو داواى ئازادى دەکات، بۆ كپكردنی ده‌نگی ناڕەزایى خەڵک و گواستنەوەى کێشەکانى بۆ دەرەوەى سنوور، رژێمی ئێران به‌رده‌وام ناوچه‌ سنوورییه‌كان و گوندنشینه‌كان و کەمپەکانى ئاوارەکانى رۆژهەڵات لە باشوورى کوردستان موشەکباران و تۆپباران ده‌كات، سەرەڕاى ئەمانە ره‌شبگیری له‌ناوچه‌کانى رۆژهەڵاتى كوردستان به‌رده‌وامه‌ و رۆژانه‌ ده‌یان لاوی كورد بە فیشەکى پاسداران و له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و په‌تی سیداره‌ی رژێمى ئێران شه‌هید ده‌كرێن.
له‌ باشووری كوردستانیش تا ئێستا مەترسى شەڕى تیرۆریستانى داعش ماوە، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئەوەى کەوا باشوورى کوردستان لە کۆمەڵێ تەنگژەو قەیراندایە لە سەرووى هەموویانەوە قەیرانى ئابوورى و كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان حكومه‌تی كوردستان و عێراق و نەبوونى عەدالەتى سیاسى و کۆمەڵایەتى، ئەوانە هەموویان پێویستیان بە چارەسەرێکى بەپەلە هەیە، لەهەمان کاتدا قەیرانى سیاسى و ناکۆکى نێوان بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانى دەسەڵات تا رادەیەک بۆتە هۆى نیگەرانى خەڵکى کوردستان، ئەم کیشە و گرفتانەى نێوان لایەنە سیاسییەکان پێویستیان بە چارەسەرى خێرا هەیە.
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی كوردستان كێشه‌ و گرفتی زۆر له‌نێوان لایه‌نه‌كانی هه‌ر به‌شێك لەلایەک و، له‌ لایه‌كی دیكه‌وە کێشە لە نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هه‌نگاو بۆ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و بەستنى كۆنگره‌یەکی نه‌ته‌وه‌یی کە هەموو لایەک تێیدا بەشداربن سست بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى بارودۆخى ناوخۆیى کوردستان باش نییە و پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان و حیزبەکان لە ئاستێکى خراپدایە و، ناکۆکن و ئەوەندەى رەچاوى بەرژەوەندى حیزبى دەکەن ئەوەندە رەچاوى بەرژەوەندى باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى ناکەن، بۆیه‌ پێویستە رەچاوى بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كان بێت و هەموومان بگەڕێینەوە سەر مێزى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بۆ چارەسەرکردنى کێشەو گرفتەکان و رزگاربوونمان لە قەیرانەکان، ‌بۆ ئەوەى بەهەموو لایەک دەستکەوتەکانى باشوورو رۆژئاواى کوردستان بپارێزین و پێشیانبخەین و، خەباتى رۆژهەڵات و باکوورى کوردستانیش سەربخەین، لەم پێناوەدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکتربین.
بۆ دەربازکردنى ئەم رەوشە نالەبارانه‌و رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى کوردستان و داڕشتنى ستراتیژێکى نەتەوەیى، پێویستە هەموو لایەکمان بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەرچاوبگرین و سەرەڕاى سەختى قۆناخەکە کار بۆ یەکێتى نەتەوەیى و یەکڕیزى نیشتمانى بکەین، لەبەرئەوەى بارودۆخى نێودەوڵەتى و رەوشى هەستیارى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێ کەوا له‌ یه‌كتری نزیکبین، بۆیە پێویستە لە نزیکترین کاتدا کاربکەین بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەرى بۆ تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ئەمەش ئەركێكی نەتەوەیی و نيشتمانى بەپەلەی ئەم قۆناخەی خەباتى بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانە، لەبەرئەوەی بەستنی ئەم كۆنگرەیە لەم كاتەدا خزمەتێكی زۆر بە دۆزی رەوای گەلی كوردستان دەگەیەنێت بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتێكی نەتەوەیی یەكگرتوو بۆ كوردستان ‌و, داڕشتنی كارنامەیەكی گونجاو بۆ ئەم قۆناخەی خەبات لەهەر بەشێکى كوردستاندا، بۆ ئەمەش پێویستە رەچاوی تایبەتمەندی بەشەکانى كوردستان بكرێت و, پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا كاربكەین ‌و دوای نەخەین و بیكەین بە چەترێكی نەتەوەیی و لەوێوە بە یەكدەنگی كار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بكەین, لەبەرئەوەی تاكە چارەسەری پرسی كورد دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە‌ و, بێ‌ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ گەلی كوردستان زۆر زەحمەتە رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی ‌و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت.
ئامادەبووانى بەڕێز ... وڵاتپارێزان ..
ئێمە له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK وەك هەمیشە و جارێکى دیکە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێكۆشانی نەتەوەكەمان لەهەموو بەشەكانی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا بۆ پاراستنى ئەزموونى باشوورى کوردستان و خەبات و بەرخودانى باکوور و رۆژئاواو رۆژهەڵاتى كوردستان رادەگەیەنين، لەهەمان کاتدا هێرش و دەستدرێژى داگیرکەران بۆ سەر گەلى کوردستان ئیدانەو مەحکووم دەکەین.
لەكۆتاییدا جارێكی دیکە هیوای سەركەوتن بۆ ئەم جڤاتە دەخوازین و، ئومێد دەکەین گفتوگۆکانی ئه‌م جڤاتە سه‌ركه‌وتووانه‌ ئامانجەکانی خۆی بپێكی له‌ كۆكردنه‌وه‌مان له‌ ژێر یه‌ك چه‌تری نه‌ته‌وه‌یی كوردستانى.
- نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێی سەرخۆبوون و ئازادی كوردستان.
- مردن و روو ره‌شی بۆ دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.
- بێته‌ دی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد و یه‌كگرتوو دیموكرات.
مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK
2 / 12 / 2022 هەولێر - باشوورى کوردستان