سكرتێری گشتیی YNDK ساڵیادی دامەزراندنی حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن پیرۆز دەكات

تشرين2/نوفمبر 01, 2022

میدیا - هەولێر :

 

غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێز رۆمیۆ هەکارى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن کرد و، بەبۆنەى 46 چل و شەشەمین ساڵیادى دامەزراندنى حزبەکەیانەوە و، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە:

 

برای بەڕێزو خۆشەویستمان كاك رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتیی حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن

بەڕێزان ئەندامانی مەکتەبى سیاسى و کۆمیتەى سەرکردایەتیى حیزبی دیموکراتی بێت نەهرێن

 

سڵاوێكی برایانەی گەرم ...

بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK ، بەبۆنەی (46) چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان (حزبی دیموكراتی بێت نەهرێن)، گەرمترین سڵاوو جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى ئەندام و لایەنگرانى حزبە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و هیوای سەركەوتن و پێشڤەچوونى زیاترتان بۆ دەخوازین و، ئومێد دەکەین حزبى دیموکراتى بێت نەهرێن وەک هەمیشە پابەند بێت بە سیاسەت و پرەنسیپە نیشتمانییەکانى خۆى و کارکردن بۆ زیاتر قوڵکردنەوەى گیانى برایەتى و پێکەوەژیان لە کوردستاندا.

هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزى رەوای گەلی كوردستان و هێنانەدی مافی رەوای گەلى کوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، بێگومان ئەمەش بە هاوكاری و كاركردنی هەموو لایەكمان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان دەبێت، لەبەرئەوەی سەربەخۆیی كوردستان زامنی وەدەستهێنان و پاراستنی مافە نەتەوەییەكانی هەموو نەتەوەكانی كوردستانە .

لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .

 

هەر بژین و شادو سەركەوتووبن.

 

 

 

برای دڵسۆزتان

غەفوور مەخمووری

سكرتێری گشتیی

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

1 / 11 / 2022