پەیامى غەفوور مەخموورى سەبارەت بە موشەکبارانکردنى بنکە و بارەگاکانى حیزبەكانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن رژێمى ئێران

أيلول/سبتمبر 28, 2022

جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان  ...

 -  هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان  ...

 -  بنەماڵەو کەس و کارى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

 

 زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە؛ رێکەوتى 28 / 9 / 2022 ، جارێکى دیکە بنکەو بارەگاکانى حیزبە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە باشوورى كوردستان کەوتنەوە بەر پەلاماری تیرۆریستیانەى رژێمى داگیرکەرى ئێران و، بنکەو بارەگاکانى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە کۆیە و بارەگاى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستان لە زڕگوێز و بارەگاى پارتى ئازادى کوردستان لە شێراوە کرانە ئامانج و موشەکباران کران، لە ئەنجامى ئەو هێرشە تیرۆریستییەى رژێمى ئێران چەند پیشمەرگەیەک و چەند هاوڵاتییەکى سڤیل شەهیدو بریندار بوون، ئەو هێرش و دەستدرێژییانەى ئێران بۆ سەر باشوورى کوردستان و حیزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان تاوانێکە دژ بە تەواوى گەلى کوردستان و مرۆڤایەتی، زۆر بە توندى ئیدانەو مەحکوومى ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستییانەى رژێمى ئێران دەکەین و رەتیدەکەینەوە، دوژمنان دەبێ باش بزانن کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە خۆڕاگرى دەمێنێتەوەو چۆک بۆ خواستەکانیان دانادات، ئەو کارە تیرۆریستییە کوردستان رووگەش و ئێران رووڕەش دەکات.

 بە ئامانج گرتنى بنکەو بارەگاکانى حیزبە کوردستانییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن رژێمى ئێران لەم کاتە ناسکەدا، کە تەواوى عێراق و ناوچەکەو جیهانیش لە رەوشێکى ئاڵۆزدان، هەوڵێکە بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنى رەوشى سیاسيى کوردستان و عێراق، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان ئەو هێرش و پەلامارانەى ئێران ریسواو شەرمەزار بکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بکەین سەبارەت بەو هێرشە تیرۆریستییانەى ئێران هەڵوێست وەربگرن و بێدەنگ نەمێنن، هەروەها لەسەر حکومەتى عێراقیشە چیتر بێدەنگ نەمێنێت کەوا رۆژانە خاک و ئاسمان و ئاوى عێراق پێشێل دەکرێت، ئەمەش وایکردووە عێراق هیچ سەروەرییەکى نەمێنێت و ببێتە وڵاتێکى بێ سەروەرى، لەسەر ئێمەى هێزە کوردستانییەکانیشە کەوا کار بۆ یەکدەنگى و یەکڕیزى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکەین، یەکڕیزى و یەکدەنگیمان دەبێتە باشترین وەڵام بۆ دوژمنان و داگیرکەرانى تیرۆریست و ناحەزانى کوردستان، لێرەوە پرسەو سەرەخۆشى گەرمى خۆمان ئاستەى بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدەکان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین و، لەهەمان کاتدا هیواى زووچاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.

 - سەرکەوێ خواستى رەواى گەلى کوردستان.

-  سەرشۆڕى و رووڕەشى بۆ تیرۆریستان و دوژمنانى کوردستان.

-  نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى کوردستان.

 

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان  YNDK

28 / 9 / 2022