ناتالیا، یان هۆزان ناتالیا خانمێكی دەنگخۆشی كوردی ئەرمەنستانە، کە سەرەتا لە وڵاتی ئۆكراینا وەك هونەرمەندێكی بەتوانا دەركەوت؛ لە دایك و باوكییەوە فێرە گۆرانی بووە، چونكە بەردەوام گوێی لە دایكی دەگرت لە كاتی گۆرانی گوتن و دواتریش گۆرانییەكانی دووبارە دەكردەوە و بە بەشێك لە خەبات و كەم كردنەوەی ئازارەكانی داگیركاری و دوورە وڵاتی دادەنێت، چونكە خۆی چەندین ساڵە لە غوربەت و لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی ھەولێرـی دایەوە.
سەرەتا ناتالیا باسی لە ئاستی هونەری كوردی بەتایبەتی گۆرانی و موزیك و گوتی: من پێوایە هونەری کوردی ئێستا زۆر پێشکەوتووترە لە جاران، بەگشتی میوزیک پێشکەوتووە و لەگەڵیشیدا هونەری کوردی پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام بەداخەوە هەست دەکرێت تام و چێژ و رۆحیەتی کوردی کەمی کردووە لە نێو میوزیک و گۆرانیی ئێستا، دەبێت هەمیشە تام و بۆی کوردی لە نێو بەرهەمەکانی ئێستا بمێنێ.
هۆزان ناتالیا، تیشكی خستە هۆكارەكانی دووركەوتنەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا و، گوتی: ماوەیەکی زۆر لە کاری هونەری دوورکەوتوومەتەوە، بەڵام ئەمەش هۆکاری خۆی هەبووە، من لە ئەڵمانیا لە شاری بەرلین دەژیم، ماوەی ٨ ساڵە زۆر سەرقاڵی خوێندن بووم لە زانکۆ، ئەم توانایەشم نەبووە، کاری هونەری و زانکۆ بەیەکەوە بکەم، چونکە من دوو زانکۆم لە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵ خوێند، ئیدی فریای کاری هونەری نەکەتووم هەر بەدوای خوێندنەوە بووم، ئەمە هۆکاری سەرەکی دوورکەوتنەوەی من بووە لە کاری هونەری، خۆتان دەزانن کاری هونەری ماندووبوونێكی زۆر پارەیەکی زۆر و کاتێكی زۆریشی دەوێت تاوەکو بەرهەمێكی نوێ بڵادەکەیەوە، ئەمەش بۆ من زەحمەت و سەخت بووە. ناتالیا باسی لە دوایین كاری هونەری خۆی كرد، كە ئێستا سەرقاڵی تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی كرد و، گوتی: دوو گۆرانیم لە ئۆکرانیا کلیپ کردووە، یەکێک بەناوی (هێلینا بلبلا)، کە ئاواز و تێکست و میوزیک هی خۆمە، گۆرانیی دووەم بە ناوی (بەهەشتا وەڵات)، ئەویش تێکست و ئاوازو میوزیک هەر هی خۆمە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرقاڵی تۆمارکردنی گۆرانییەکی فۆلکلۆری کوردیمە، کە هی چەند ناوچەیەکی جیاوازی کوردستانە، ئەمیش لەم نزیکانە کلیپ دەکەم، هەروەها لەسەرەتای ساڵی نوێیدا بەنیازی دروستکردنی ئەلبوومێکی گۆرانیم، کە لە چەند گۆرانییەکی نیشتمانپەروەری، فۆلکلۆری و ئەڤینداری پێک هاتووە، هیوادارم بە دڵی هەموو هەوادارانی میوزیکی کوردی بێت.
دەربارەی پێویستی گەیاندنی هونەری كوردی بە میللەتانی جیهان بۆ ئاشنا بوونیان بە هونەری كوردی و زیاتر ناساندنی وتی: من لەو باوەڕەدام، کە ئەگەر هونەرو میوزیکی کوردی ئێستا بە ئاستێكی بڵند کاری لەسەر بکرێت و ئەدا و میوزیک و دابەشکردنێكی جوانی بۆ بکرێت بێگومان میللەتانی دیکەش بە گرنگەوە باس لە میوزیک و گۆرانی کوردی دەکەن و پێشوازییەکی باشی لێ دەکەن، بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی ناوداری کورد هەیە، بەڵام بەداخەوە گۆرانی و میوزیکی کوردی پێشكەش ناکەن، بۆ نموونە لە نێو رووسیا خانمە هونەمەند زارامان هەیە، کە ئێستا ناوبانگییەکی زۆری هەیە، بەڵام مخابن زیاتر بە میوزیکی ڕووسی دەناسرێت، بە بڕوای من ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەش وەکو کورد دەتوانین پێشکەوتنی باش بەدەست بخەین، هونەر و موزیکی خۆیان بگەیینە هەموو جیهان.
دەبێت ئەوەش لەبیر نەکەین، کە گەلێک لە نەتەوەکانی دیکە میوزیک و هونەری کوردییان دزیوە و کردوویانە بە موڵکی خۆیان، زۆر لە گۆرانی تورکی و ئەرمەنی و فارسی کوردین، بەڵام کردوویانە بە هی خۆیان، لەبەر ئەوەی کەس نەبووە بەرگری لە میوزیک و گۆرانیی کوردی بکات، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان سوودیان لە گۆرانیی کوردی وەرگرتووەو کردوویانە بە موڵکی خۆیان. ناتالیا بە گرنگییەوە باس لەوە دەكات كە هونەری كوردی لە گشت پارچەكانی كوردستان پێویستی بە رێكخستنەوە و لێك نزیكبوونەوەی زیاتری هونەرمەندانی كورد هەیە و لەم بارەوە دەڵێت: بەداخەوە پەیوەندی و تێکەڵی نێوان هونەرمەندانی کوردی زۆر باش نییە، تاوەکو ئێستا کۆمیسۆنێکی هونەرمەندانی کورد نییە، کە هەموویان لە ژێر یەک چەتر کۆ بکاتەوە، هەڵبەتە تێکەڵی و پەیوەندی من لەگەڵ بەشێكی زۆر لە هونەرمەندانی کوردستان هەیە، بەڵام لەو ئاستە نییە پێی دڵخۆش بین، من هەر کارێكی هونەری نوێ بکەم، سەرەتا راوبۆچوونی چەند هونەرمەندێكی بە ئەزموون و داهێنەر وەردەگرم و سوود لە تێبیینەکانی وەردەگرم، ئینجا بەرهەمەکانم بڵاو دەکەمەوە.
نەتالیا باس لە بوونی میراتێكی هونەری لە خانەوادەكەیدا دەڵێت: لە نێو بنەماڵەی ئێمە زۆر دەنگخۆش و گۆرانیبێژ هەبوونە، دایکم مەیرەما حەمید، چەندین گۆرانی لە رادیۆی ئێریڤان گوتووە، من لە رێگەی گۆرانییەکانی دایکم و بنەماڵەکەم پەروەردە بوویمە و گۆرانییەکانی ئەوانم گوتووەتەوە، حەزم دەکرد، منداڵەکانی منیش هەمان رێچکەی من بگرنە بەر، هەرچەندە حەز لە گۆرانیی کوردی دەکەن، بەڵام وەکو من نین و زیاتر گوێ لە گۆرانیی ئینگلیزی دەگرن، زۆرجاریش بە من دەڵێن بۆ گۆرانی بە ئینگلیزی ناڵێیت، ئێستا کاریگەریی میوزیک و گۆرانیی بیانی بەسەر نەوەی ئێستادا زاڵە، من دوو کوڕم هەیە، یەکێکیان ١٣ ساڵییەوە ئەوی دیکەیان ١٠ ساڵییە، ئەوەی ١٣ ساڵی زۆر حەز بە وەرزش دەکات، بەڵام کوڕە بچووکەکەم زۆر حەزی لە گۆرانی و میوزیکە، ئێستا لە کۆرسێکی فێربوونی پیانۆ بەشداریی کردووە، زۆر باش بووەو دەتوانێت نۆتەی میوزیک بخوێنێتەوەو، هەندێ جار گۆرانیی کوردی و رووسی و ئەرمەنی دەڵێتەوە، زۆر هیوام بەو کوڕەمە پێموایە دەتوانێت باش خزمەتی گۆرانی و میوزیکی کوردی بکات.
لە كۆتاییدا هۆزان ناتالیا باسی لەو هۆكارانە كرد، كە رێگر بوونە لەوەی نەتوانێت تا ئێستا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات گوتی: ڕاستە هیچ کاتێک بۆم نەڕەخساوە سەردانی باشووری کوردستان بکەم، هیواو ئاواتی من ئەوەی جارێک سەردانی کوردستانەکەم بکەم، بە هۆی ئەوەی من خوێندکار بووم، و زۆر سەرقاڵ و پڕ ئیش بووم، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەرهەمێكی نوێم نەبووە، بەڵام ئێستا چەند بەرهەمێکی نوێم هەیەو ساڵی داهاتووش ئەلبوومێكی نوێم دەبێت، دێمە کوردستان و کۆنسێرتێکی مەزن سازدەکەم.
شیڤان شێرزاد - هەولێر
سهرچاوه : مالپهری ههولێر