غەفوور مەخموورى لە (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا) لە بڕۆکسل: چارەسەری پرسی گەلى كوردستان و نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکە تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە

  میدیا - برۆکسل:

 رۆژى ٣ / ٥ / ٢٠٢٤ سكرتێری گشتیی YNDK لە برۆکسلى پایتەختى بەلجیکا بەشدارى (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا)ى لە بڕۆکسل كردو لە وتارێکيدا وێرای هیواى سەرکەوتن خواستن بۆ کۆنفرانسەکە، داوای کرد گەلانى ناوچەکە هاوکارو پشتیوانى یەکتربن.

رۆژى هەینى رێکەوتى ٣ / ٥ / ٢٠٢٤، غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK، لە برۆکسلى پایتەختى بەلجیکا بەشدارى لە (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا) کرد، کە لە هۆڵى (کۆنگرە نێودەوڵەتییەکانى بڕۆکسل) بەڕێوەچوو و، لەلایەن کۆمسیۆنى تەنفیزى دەوڵەتى ئەحوازو بزووتنەوەى سەربەخۆییخوازانى کوردستان رێکخرابوو، کۆنفرانسەکە بە ئادەبوونى ژمارەیەک لە رێبەرانى حزبە سیاسییەکان و نوێنەرانى نەتەوەکانى (کوردو عەرەبى ئەحوازو بەلوچ و کاسپیەن) و ژمارەیەک لە کەسایەتیى بیانى دەستى بەکارەکانى کرد، غەفوور مەخموورى سكرتێری گشتیی YNDK لە کۆنفرانسەکەدا وتارێکى پێشکەش کرد و، لە وتارەکەیدا داواى هاوکارى و بەیەکەوە کارکردنى نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکەى کردو، وتى: (لەسەر ئێمەی نەتەوە بندەستەكان پێویستە كار بۆ هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن بكەین، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین.)، هەروەها مەخموورى لە وتارەکەیدا جەختى کردەوە سەر سەربەخۆیى کوردستان وتى: (ئێمە وەكو YNDK چارەسەری پرسی گەلى كوردستان لە سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستاندا دەبینینەوە، بەهەمان شێوە چارەسەرى پرسى نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکە لە سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەییاندا دەبینینەوە، واتە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان و گەلانى ناوچەکە تەنها و تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە، لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین.). ئەمەش دەقى وتارەکەیە:

 

 وتارى غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا)

 بەڕێزان بەشدارانى (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا)

 بەڕێزان نوێنەرانى نەتەوەکانى (کورد و عەرەبى ئەحواز و بلوچ و کاسپیەن)

 خوشکانى ئازیز ... برایانى بەڕێز

 میوانە بەڕێزەکان ...

  سڵاوێكی گەرم لە کوردستانەوە بۆ ئێوەى بەڕێز ...

 بەڕێزان، بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی هەڤاڵانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەبۆنەی بەستنی (کۆڕبەندى نێودەوڵەتى ئاسایش و ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێزو خۆشەویست دەكەین و، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنفرانسەكەتان دەخوازین و ئومێد دەكەین ئەم كۆنفرانسەیەتان ببێتە خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتن بۆ دۆزى رەواى گەلانى ناوچەکە.

 بەڕێزان، ئەم کۆڕبەندە لە كاتێكى هەستیاردا دەبەسترێت، جیهان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی لە رەوشێكی زۆر هەستیارو ناسك و ئاڵۆزدان،  لەلایەک شەڕى روسیا و ئۆکرانیا و لەلایەکى دیکە شەڕى ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماس و هەروەها هەروەها پیلان و هەڕەشەو هێرشى داگیرکەرانى کوردستان دژ بە گەلى کوردستان و نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکە، ئەمانە هەر هەموویان کاریگەرییان بۆ سەر کوردستان هەیە و نەتەوەکانى دیکە هەیە و، چاوەڕوانی هاتنەپێشی زۆر ئەگەرو پێشهات دەكرێت، لەسەر ئێمەی نەتەوە بندەستەكان پێویستە كار بۆ هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن بكەین، بۆئەوەی وەك ژمارەیەكی بەهێزی نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە بوونی كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و، كار بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان بكەین، بەباوەڕی ئێمە لەم پێناوەدا هەماهەنگى نێوان نەتەوە بندەستەكان فاكتەری سەرەكی سەركەوتنمانە، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لەم پێناوەدا تێبكۆشین، گەلى کوردستان لە رابردوودا هاوکارو هاوخەباتى گەلانى ناوچەکە بووەو رۆڵێکى کاراى بینیوە لە بنیاتنانى شارستانییەتى ناوچەکەدا، ئەو رابردووە ئەوەمان پێدەڵێت کەوا ئێمە گەلانى ناوچەکە دەکرێ لە ئێستا و داهاتووشدا هاوکارو هاوخەباتى یەکدى بین، هەمانگى نێوانمان دەبێتە فاکتەرى قوڵکردنەوەو نوێکردنەوەى پەیوەندى هاوخەباتیمان.

 ئامادەبووانى بەڕێز ...

 لەرابردوودا نەتەوەكان بنیاتنەری ئیمپراتۆرییەتەكان بوون، لەئێستاشدا نەتەوە بندەستەكان دەتوانن فاكتەری هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە چەوسێنەرەكان بن، وەك ئەوەی بینیمان كە چۆن یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و یوغسلافیا و چیكۆسلوڤاكیا هەڵوەشانەوە، بێگومان زەوتكردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەكان لەو وڵاتانەدا هۆكاری هەڵوەشانەوەى ئەو وڵاتانە بوو، دەكرێ‌ ئەمە بۆ زۆر وڵات ببێتە پەند و وانە، ئێمە وەكو YNDK چارەسەری پرسی گەلى كوردستان لە سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتى کوردستاندا دەبینینەوە، بەهەمان شێوە چارەسەرى پرسى نەتەوە بندەستەکانى ناوچەکەش لە سەربەخۆیى و دامەزراندنى دەوڵەتى نەتەوەییاندا دەبینینەوە، واتە چارەسەری پرسی گەلى كوردستان و گەلانى ناوچەکە تەنها و تەنها سەربەخۆیی و دامەزراندنى دەوڵەتە، لەم پێناوەشدا پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین.

  خوشکان ... برایان ...

 گەلى کوردستان و گەلانى چەوساوەى ناوچەکە وەکو گەلانى چەوساوەو هاوخەبات چەندین ساڵە لە خەبات و بەرخوداندان و رووبەڕووى زوڵم و چەوسانەوە دەبنەوە، ئێمەى گەلى کوردستانیش رۆژانە لەلایەن داگیرکەران (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) رووبەڕووى زوڵم و چەوساندنەوە دەبینەوە، ئەوەتا حکومەتى عێراق بەردەوامە لەسەر درێژەدان بە جێبەجێکردنى سیاسەتى پەراوێزخستن و برسیکردن لە دژى هەرێمى کوردستان و میلیشیا عێراقییەکان بەردەوام لە رێگەى درۆنەوە هێرشدەکەنە سەر هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراقیش لە ئاستیاندا بێدەنگە، لەلایەکى دیکەوە ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان رۆژانە گەنجەکانمان دەگرێت و زیندانیان دەکات و لە سێدارەیان دەدات، هەروەها لە ماوەى رابردوودا ئێران بێ هیچ بەهانەیەک موشەکبارانى هەولێرى پایتەختى هەریمى کوردستانى کرد، کە بووە هۆى شەهیدبوون و برینداربوونى هاوڵاتیانى سڤیل، سەرەڕاى ئەمانە چەند جارێکیش موشەکبارانى بنکەو بارەگاکانى هێزە ئازادیخوازەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى لەناو خاکى باشوورى کوردستان کردووەو ژن و منداڵى سڤیل شەهید و برینداربوون، دەکرا لەجیاتى ئەو هێرشانە لەڕیى دیالۆگ چارەسەرى پرسى کوردى لە رۆژهەڵاتى کوردستان بکردبووا.

 لەلایەکى دیکەوە؛ رژێمى داگیرکەرى تورکیا بەردەوامە لەسەر پیادەکردنى سیاسەتى قڕکردنى خەڵک و وێرانکردنى گوند و شارەکانمان لە باکوورى کوردستان و، رۆژانەش لەڕێى درۆنەوە خەڵکانى ئازادیخواز لە باشوورو رۆژئاواى کوردستان شەهید دەکات، هەروەها لەڕێى هێرش و موشەکبارانەوە بەردەوامە لە وێرانکردنى ژێرخانى رۆژئاواى کوردستان و گوندە سنوورییەکانى باشوورى کوردستان، سوریاش بەم حاڵە خراپەى ئێستاشییەوە ئامادە نیە دان بە بوونى گەلى کوردستان لە رۆژئاواى کوردستاندا بنێت و، لە لایەن سوریاوە هەموو شتێک لە کورد قەدەخە کراوە، سەرەڕاى زوڵمى ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرە، تا ئێستاش مەترسى و هەڕەشەى تیرۆریستانى داعش بۆ سەر گەلى کوردستان ماوە، سوپاس بۆ خوا کەوا هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە ساڵانى رابردوودا توانى کوردستان بپارێزێت و تیرۆریستان تێکبشکێنێت.

 بەڵێ؛ ئەوە رەوشى کوردستان و دڕندەیى دەوڵەتە داگیرکەرەکانى کوردستانە، سەرەڕاى هەموو ئەو ناخۆشى و هێرشانە خەبات و بەرخودانى گەلى کوردستان لە هەر چوار بەشى کوردستان بەردەوامەو لە پێشڤەچووندایە و، دڵنیایین لە داهاتووى نێزیکدا ئاهەنگى سەرکەوتن دەگێڕین.

 لەكۆتاییدا، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی گەلانى خۆڕاگری ناوچەکە دەكەین و بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانین و ، ئومێد دەخوازین لەداهاتووی نزیكدا سوود لەو پێشهات و گۆڕانكارییانەی ناوچەكە وەربگرین و بە مافە رەواكانمان بگەین، دووبارە هیوای سەركەوتن بۆ ئەم کۆڕبەندە دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی دۆستانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوامان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.

 لەگەڵ رێزو خۆشەویستی دووبارەماندا .

 هەر بژین و سەركەوتووبن.

 

 غەفوور مەخمووری

 سكرتێری گشتیی

 یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

٣ / ٥ / ٢٠٢٤ برۆکسل - بەلجیکا