په‌نابه‌ران و پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌به‌رده‌م UN گردبوونه‌وه‌

میدیا- هه‌ولێر

بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە بێهزادی مەحمودی و داخوازی چەندین ساڵەی پەنابەرانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان، گردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجامدرا.

 کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی  ڕۆژی پێنج شەممە 20-5-2021، سەدان كەس لە چالاكان و پەنابەرانی سیاسی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، بە مەبەستی پشتیوانی لە "بێهزادی مەحمودی" ناوه‌ندی هاوبه‌شی پارته‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و رێكخراوەكانی داكۆكی لە مافی پەنابەرانی كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بانگەوازی بۆ كرابوو، بەرێوەچوو و بەشداربووان بە هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان و دروشم، پێداگریان لەسەر داوا و ویستە ئینسانیەكانیان كردەوە. لەو كۆبوونەوە جەماوەریەدا پەیامی پەنابەرانی كوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە.

 لە نامەی پەنابەران كە پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا داواكراوە كەیسی پەناخواز و پەنابەری سیاسی لە پەناخوازانی كۆمەڵایەتی جیا بكرێتەوە. كەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەرانی سیاسی دابین بكرێ. میكانیزمی دابەشكردنی هاوكاری بە پەنابەران پێداچوونەوەی بۆ بكرێ. چارەسەری كێشەی فۆرمی خۆراك، كێشەی پەنابەرانی نەخۆش، چارەسەری كێشەی پەنابەران بۆ مانەوە لە هەرێم و چەندین داوای دیكە كە پێوەندیان بە ژیان و گوزەرانیانەوە هەیە لە خۆ گرتووە. نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بە نوێنەری پەنابەرانی سیاسی ڕاگەیاندووە ڕۆژی یەكشەممە دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە.

 بڕیار دراوە گربوونەوەكەی بەردەم یوئێن هەتا ڕۆژی یەكشەممە و وەڵامی ئەو ڕێكخراوە بەردەوام بێ. شایانی گوتنە د.شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستانYNDK بۆ پشتیوانی له‌داواكاری په‌نابه‌ران به‌شداربوون.