سهرچاوه/ خەڵك- بەشی هەواڵ
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران هەوڵی كوشتنی نوێنەری عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە (یەزد) پوچەڵ دەكەنەوە، ئاماژە بە دەستگیركردنی ژمارەیەكیش لە هێرشبەران دەكەن.
ئاژانسی (ئێرنا)ی ئێرانی بڵاویكردەوە، “هێزە ئەمنییەكان لە ئێران، توانیان ژمارەیەك لە هێرشبەرانی سەر نوێنەری ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە (یەزد) دەستگیربكەن، لە هەمان كاتدا ژمارەیەكی تر لە هێرشبەرەكان هەڵاتن”.
بەپێیی میدیاكانی تری وڵاتەكە، سوپای پاسداران 150 كەسی لە كەرەج دەستگیركردووە، كە خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە و هێرشیان كردۆتە سەر باڵەخانە حكومییەكان.
لە هەینی ڕابردووەوە شارەكانی ئێران خۆپیشاندانی بەرفراوان بەخۆوە دەبینن بۆ ناڕەزایی بەرانبەر بە بڕیارێكی حكومەتی وڵاتەكە بۆ گرانكردنی نرخی سووتەمەنی، دوابەدوای ئەوەش ناڕەزاییەكان لە سەرلەبەیانی شەممەوە شارەكانی ئەهواز و سرجان و بوشەهر و مەشهەدیان گرتەوە و لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.