*دژى بڕيارى قه‌ده‌غه‌كردنى زمانى كوردى دەوەستینەوە*

تموز/يوليو 26, 2025

- جه‌ماوه‌رى دڵسۆزى كوردستان..

- حزب و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و رێكخراوه‌كانى كوردستان....

 وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق به بڕيارى ژماره‌ (6496) زمانى كوردى له‌ زانكۆ و ناوه‌نده‌كانى خوێندن، له‌ پارێزگاكانى كه‌ركووك و موسڵ و دياله، قه‌ده‌غه‌كردووه‌ و بڕياره‌كه‌ش گشتاندنى بۆ كراوه‌، به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردن.

 ئه‌م بڕياره‌ى خوێندنى باڵاى عێراق دوابه‌دواى سياسه‌تى دژايه‌تيكردن و برسيكردنى خه‌ڵكى كوردستان و ده‌ركردنى ژماره‌يه‌ك له‌ بڕياره‌ له‌لايه‌ن دادگاى فيدڕالى عێراق، ئامانجه‌كه‌شى روون و ئاشكرايه و ‌ داننه‌نانه‌ به‌مافه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان و دژايه‌تيكردنى گه‌لى كوردستانه‌ به‌گشتى، ئه‌م سياسه‌ته‌ هى ئه‌مڕۆ نييه‌، به‌ڵكو به‌درێژايى مێژوو حكومه‌ته‌ يه‌ك له‌دواى يه‌كه‌كانى عێراق به‌شێوازى جۆراوجۆر نكوڵييان له‌ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان كردووه‌.

 ئه‌م بڕياره‌ى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵاى عێراق نا ياسايى و نا ده‌ستوورييه‌، پێشێلكردنى زه‌قى مادده‌ى چواره‌مى ده‌ستوورى عێراقه‌، كه‌تيايدا زمانى كوردى له‌پاڵ زمانى عه‌ره‌بى به‌ زمانى فه‌رمى ناساندووه‌، ئه‌م بڕياره‌ جگه‌ له ‌شۆڤێنيه‌تى حكومه‌تى عێراق و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هيچى تر نييه‌ و بريارێكى ره‌گه‌زپه‌رستانه‌يه‌ دژى خوێنده‌ڤانانى كورد و زمانى به‌كوردى به‌گشتى و پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماكانى ده‌وڵه‌تى فيدڕاڵى و  پێكه‌وه‌ژيان و مافه‌كانى مرۆڤه‌.

 ئێمه‌ له YNDK‌ ئه‌م بڕياره‌ بە تەواوى ره‌تده‌كه‌ينه‌وه‌ و دژى دەوەستینەوە، پێويسته‌ له‌ ناوچه‌ داگيركراوه‌كانى باشوورى كوردستان به‌ زمانى كوردى بخوێندرێ و خوێنده‌ڤانانى كورد به‌زمانى دايك بخوێنن و به‌زمانى خۆيان پرسيار بكه‌ن و وه‌ڵامى ‌تاقيكردنه‌وه‌كان بده‌نه‌وه‌، لەم پێناوەدا پێويسته‌ سه‌رجه‌م حزب و لايه‌نه سیاسییە‌كان و ده‌سه‌ڵات يه‌كڕيز و يه‌كهه‌ڵوێست بين و دژى ئه‌م بڕياره‌ بوه‌ستينه‌وه‌ و لێنه‌گه‌ڕێين جێبه‌جێبكرێ.

- مردن و رووڕه‌شى بۆ دوژمنان و داگيركه‌رانى كوردستان.

- سه‌ركه‌وێ ئيڕاده‌ى گه‌لى كوردستان.

 

                                              مه‌كته‌بى سياسيى

                           يه‌كێتى نه‌ته‌وه‌يى ديموكراتى كوردستان YNDK

                                     26ى ته‌ممووزى 2025ى زايينى

                                     هه‌ولێر- باشوورى كوردستان