Print this page

دەرفەتەكانی بەردەم پاراستنی یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان

أيار 25, 2021

محەمەد عەلی

 

لە ماوەی ڕابردوودا، سەرۆكی ھەرێم كاك (نێچیرڤان بارزانی) ھەوڵەكانی چڕكردەوە بە ئاراستەی دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر پرسە جیاوازەكانی پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كوردستاندا، ھاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردنەكانی عێراق و گۆڕانكارییە ھەرێمییەكانیش، كە مەترسییەكانی سەر كوردستانیش زیادیان كردووە، یەكڕیزیی نێوان ھێزە سیاسییەكان، تاكە ڕێگەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گشت پێشھاتەكان.

 

لە ئێستادا، مەترسییەكی زۆر ھەیە كە لە پەرلەمانی داھاتووی عێراق گۆڕانكاری لە ھاوكێشەی ھێز لە نێوان ھێزە سیاسییە جیاوازەكاندا ڕووبدات، بە تایبەتی سوننە، بۆیە مەترسییەكی زۆر لەسەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆككۆمار ھەیە، بە تایبەتنر كە لە ئێستادا وڵاتانی عەرەبی بە ھێزەوە بەرەو عێراق ھاتوون، لە ئەگەری سەركەوتنی ھێزە سیاسییەكانی نزیك لە وڵاتانی ھەرێمیش، لە ھەر كاتێكدا ئەگەری ئەوە ھەیە ڕووداوەكانی ١٦ ی ئۆكتۆبەر دووبارە ببنەوە بۆ لەباربردنی قەوارەی كوردستان، ئەوەتا توركیا بە ھاندانی گەریلاكانی پەكەكە بەرەو قوڵایی خاكی ھەرێم ھەنگاو دەنێ، لە لایەكی تریشەوە حەشدی شەعبی لەسەر سنووری ھەرێم لەگەڵ عێراق بوونێكی بەھێزی ھەیە و لە ئەگەری بەدەستھێنانی زۆرینە لەلایەن ھێزە شیعە توندڕەوەكانیش لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا، لە ھەر كاتێكدا توانایان ھەبێت، ئەم ھێزانە لە دژی كوردستان بەكار دەھێنن.