راپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی 1991ی باشووری كوردستان، هه‌ستانی جه‌ماوه‌ر بوو، به‌پاڵپشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی به‌ره‌ی كوردستان و جه‌ماوه‌ر له به‌رامبه‌ر سته‌می نه‌ته‌وه‌یی داگیركه‌ری فاشیزمدا، به‌رقی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی قه‌ڵای داگیركه‌ری به‌عسیان رماند و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا سه‌رجه‌م شار و شارۆچه‌كانی كوردستان له بهعهسییهكان پاككرایه‌وه.
راپه‌ڕین كۆتایی بهزولم و سته‌م هێنا
راپه‌رین له رۆژی 5ی ئاداری ساڵی 1991 له‌رانیه‌ی ده‌روازه‌وه كڵپه‌ی كرد، بهوهرچهرخانێكى مێژوویی گه‌لى كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێت و له یه‌كه‌مین بڵێسه‌یدا به پیر و گه‌نج و لاو و ئافره‌ت به هاوكارى پێشمه‌رگه گیان له سه‌ر ده‌سته‌كان توانرا كۆتایی به زولم سته‌م و دیكتاتۆری بهێندرێ، له‌رانیه‌وه چه‌خماخه‌ی راپه‌ڕین ته‌واوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستانی گرته‌وه و به كه‌ركووكی دڵى كوردستانه‌وه كه نه‌ورۆزی ساڵی 1991ی كرده نه‌ورۆزی رزگاری سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان.
راپه‌ڕین ژیانێكی نوێی هێنایه ئاراوه
راپه‌ڕین ئه‌زموون و مێژوویه‌كی گرنگ و مه‌زنه بۆ گه‌له‌كه‌مان له باشووری كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه نوێیه، به‌هاری راپه‌ڕینه بۆ گه‌لی كوردستان، له‌م رۆژه‌دا جه‌ماوه‌ر له دژی دیكتاتۆری و داگیركاری و بێ مافی راپه‌ڕینی ئه‌نجامدا، به هه‌ماهه‌نگی شاخ و شار توانرا له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا هه‌موو باشووری كوردستان لهنۆكهران و چڵكاوخۆر و دیكتاتۆره‌كان پاككرایه‌وه. گه‌لی كوردستان بۆ به ده‌ستهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموكرات راپه‌ڕینی كرد و له 19-5-1992 ده‌زگا ده‌ستووریه‌كانی هه‌ڵبژارد، ئه‌م ئه‌زموونه توانی بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی كوردستان و ناوچه‌كه هه‌ڵبژاردنی ئازاد و راسته‌وخۆ ئه‌نجام بدات، به شێوه‌یه‌كی ئازاد بۆ دیاریكردن و پێكهێنانی ده‌سه‌ڵات له ڕێگای ده‌نگی خه‌ڵك و سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه خه‌ڵك نوێنه‌ره‌كانی له په‌رله‌مان هه‌ڵبژارد.
دامه‌زراندنی ده‌زگا ده‌ستوورییه‌كان
دوای راپه‌ڕین ئاسان نه‌بوو له ئه‌زموونی شاخ راسته‌وخۆ سه‌ركرده‌كانی كوردستان، بچێته خه‌باتی شار و شارستانی، به‌ڵام سووربوونی سه‌ركردایه‌تی و بوونی ئیراده‌ی خه‌ڵك بۆ دیاریكردنی نوێنه‌رانی له ده‌سه‌ڵاتدا له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه، بڕیارێكی ئازا و بوێر و مێژوویی بوو، له لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستان به پاڵپشتی جه‌ماوه‌ر له‌وسای ئاڵۆزی بارودۆخ و نه‌بوونی و دارووخانی شاره‌كان و نه‌بوونی ئیمكانیات ئه‌نجامدرا، ئه‌و بڕیاره ئه‌زموون و مێژووه بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان له باشووری وڵات‌دا، كه ئه‌و كاته وڵاتانی ناوچه‌كه له ده‌ست دیكتاتۆری و نه‌بوونی ئازادی و چه‌وسانه‌وه و زوڵم ده‌یانناڵاند، بۆیه هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌تی كوردستان هه‌موو پیلانه‌كانی دوژمنان و داگیركه‌رانی كوردستان له گۆڕنا و ئیتر به‌دواوه خه‌باتی باشووری كوردستان قۆناغێكی دیكه‌ی به‌خۆیه‌وه بینی ئه‌ویش گواستنه‌وه‌ی خه‌باتی شاخ بوو بۆ شار.
ده‌ستكه‌وته‌كانی راپه‌ڕین هێشتا ماون
راپه‌ڕین ئازادی و دیموكراتی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و ئیتر خه‌ڵك له رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه نوێنه‌ره‌كانی هه‌ڵده‌بژارد و ئازادانه قسه‌ی ده‌كرد و بیروباروه‌ڕی خۆی ده‌رده‌بڕی، به‌ڵام هێشتا راپه‌ڕینی كوردستان ده‌ستكه‌وته‌كانی ته‌واو نه‌بووه، بۆیه پێویسته كار و خه‌باتی به‌رده‌وام بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه زه‌وتكراوه‌كان و دابڕێنراوه‌كانی باشووری كوردستان بۆ ئامێزی ئیداره‌ی حكومه‌تی كوردستان ده‌بێ به‌رده‌وام بێت و گه‌لی كوردستان له بسته خاكێكی خۆی خۆشنابی و هه‌مووی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر ئیداره‌ی حكومه‌تی كوردستان.
به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كان له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان
هاندان و سازدانی راپه‌رین و به ده‌ستهێنانی مافه‌كانی براكانمان له رێگه‌ی ئاشتی و خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نی پێویستی به پاڵپشتی زیاتر هه‌یه بۆ ماف و بڕیاری سه‌ركردایه‌تی سیاسی و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ پشتیوانیكردنی كوردی رۆژئاوا و پاڵپشتی له ئاشتی باكووری كوردستان و توركیا، هه‌نگاوی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویین، ده‌خوازین خه‌باتی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش وه‌كو پارچه‌كانی دیكه هه‌نگاو و كاری پڕ ده‌ستكه‌وتی هه‌بێت، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به هه‌موو نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانیه‌وه.
راپه‌ڕین هه‌وێنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ بارودۆخی سیاسی باشووری كوردستان و دۆزی كورد به گشتی به ئاقارێكی دیكه‌دا ده‌ڕوات و له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گه‌لی كوردستان له نێوهاوكێشه گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه و گه‌لی كوردستان و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی ژماره‌یه‌كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هیچ بڕیارێك بێ سه‌ركردایه‌تی كوردستان له‌ناوچه‌كه نادرێ، بۆیه ده‌كرێ ناواخنی نه‌ته‌وه‌یی و گیانی شۆڕشگێڕی راپه‌ڕین په‌ره‌پێده‌ین و هه‌نگاو به‌ره و سه‌ربه‌خۆیی بنیین و مافی خۆمانه كیان و ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت و ده‌با راپه‌ڕین بكه‌ینه هه‌وێنی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی كوردستان.