میدیا - هەولێر:
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ٢ / ٣ / ٢٠٢٢، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندێکى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلان HDP كرد و، لەدیدارەكەدا باسيان لە رەوشی سیاسی باکوورى كوردستان و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسيی YNDK لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و شاکر هاشم ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتیى YNDK)، پێشوازیكرد لە شاندێکى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلان HDP کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (ئیمام تاشیەر ئەندامى کۆنسەى رێڤەبەرو پەرلەمانتارى ئامەد و حوسێن کاچماز ئەندامى کۆنسەى رێڤەبەرو پەرلەمانتارى شرناخ و ناهیدە ئەرمش بەرپرسى پەیوەندییەکان و حیکمەت خەتیب ئەندامى سەرکردایەتى HDP)، لەدیدارەكەدا باسیان لە دەستدرێژییەکانى توركيا بۆ سەر باشوورو رۆژئاواى و باکوورى کوردستان و گرتن و زیندانى کردنى پەرلەمانتارو چالاکوانانى HDP کردو ئەو هێرش و دەستدرێژییانەى تورکیایان شەرمەزارکرد، سکرتێرى گشتیى YNDK هاوسۆزى و پشتیوانى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بۆ HDP و بەرخودانى باکوورى کوردستان راگەیاند، ههر لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی سیاسی كوردستان و دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و زیاتر لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەی كە دێنە پێشەوەو یەكێتی و یەكدەنگی كوردان لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی وەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا، شایانى باسە لە دیدارەكەدا شاندى HDP سوپاس و پێزانینی خۆیان بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDKراگەیاند بەرامبەر هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نەتەوەییەكان.
شاندى میوان بەفەرمى سکرتێرى گشتیى YNDKیان بۆ ئاهەنگى نەورۆزى ئەمساڵى باکوورى کوردستان داوەتکرد کەوا بڕیارە لە رۆژى نەورۆز لە شارى ئامەدى باکوورى کوردستان بەڕێوە بچێت.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان كرا.