Print this page

راگه‌یندراوی مه‌كته‌بی سیاسیی YNDK ده‌رباره‌ی ‌بڕیاری دادگای باڵاى فیدڕاڵی عێراق بە دۆسیەى نەوت و غازى کوردستان

شباط/فبراير 16, 2022

 - جه‌ماوه‌ری خۆڕاگرو دڵسۆزی كوردستان ...

 - سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان ...

 - حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كانی كوردستان ...

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە دۆسیه‌ی نه‌وت و گازی باشووری كوردستان  بڕیارێکى داوەو گرێبه‌سته‌كانی نه‌وتی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان به‌نایاسایی هه‌ژماركردووە، لەهەمان کاتدا داواى راده‌ستكردنه‌وه‌ی ته‌واوی داهات و نه‌وتی كوردستان به‌حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق دەکات، بێگومان ئه‌م بڕیاره‌ به‌ر له‌وه‌ی ياسايى و ده‌ستووری بێ بڕیارێکى سیاسییه‌ و له‌ژێر هه‌ژموون و فشاری وڵاتانی ئيقلیمی و هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و شۆڤێنى عێراق ‌دژ به‌مافه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌ر‌كراوه‌ و، هەوڵێکە بۆ بەرتەسکردنەوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى کوردستان.

 ئێمه‌ له‌یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK ئه‌و بڕیارە نادەستوورییەى دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق رەتدەکەینەوەو بە بڕیارێکى‌ دژ بە ماف و خواسته‌كانی گه‌لی كوردستانى دەزانین‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  به‌پێی ده‌ستووری عێراق، ئه‌و وڵاته‌ فیدڕاڵییه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كان له ‌نێوان حكومه‌تی فيدرال و هه‌رێمه‌كان دابه‌شكراوه‌، له‌هه‌مان كاتد له‌مادده‌ی (110)ی ده‌ستووری عێراقدا به‌ڕێوه‌بردنی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ نێویاندا نه‌وت و گاز به‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایی حكومه‌تی فیدراڵ دانه‌نراوه، هەروەها‌ مادده‌ی (111)ی هه‌مان ده‌ستوور جه‌خت لەوە ده‌كاته‌وه‌ كە خاوه‌ندارێتیی نه‌وت و گاز بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراقە و له‌ مادده‌ی (112)شدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌وا به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و هه‌رێمه‌كانه‌ بە پێى ئەو ماددەیە حكومه‌تی كوردستانیش مافی مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وتی هه‌یه‌.

 گه‌لی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌موو كات پابه‌ندی ده‌ستوور بوونه‌، به‌ڵام خودی حكومه‌تی عێراق و به‌شێك له ‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق ‌پابه‌ندی ده‌ستووره‌كه‌یان نه‌بوونه‌ و، مادده‌كانی تایبه‌ت به‌مافه‌كانی گه‌لی كوردستان و مادده‌ی 140 بۆ گەڕاندنه‌وه‌ی ناوچه ‌داگیركراوه‌كان بۆ سه‌ر ئیداره‌ی حكومه‌تی كوردستان و چه‌ندین مادده‌ی دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ماف و ئیمتیازاتی بودجه‌ و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانیان پێشێلكردووه‌، ئەمانەشیان هەموو بۆ دژایەتیى گەلى کوردستان ئەنجامداوە.

 ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەم کاتەى ئێستاى عێراقدا كە له‌قه‌یرانی پێكهێنانی حكومه‌تى نوێدایه‌،‌ ته‌نیا بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا‌و داننانه‌ به‌ماف و ئیمتیازاتەکانی گه‌لی كوردستان، بۆیه‌ پێویسته‌ دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق تا كار له‌كار نه‌ترازاوه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی خۆیدا بچێته‌وه ‌و بریاره‌كانی له‌و ئاسته‌دا بن ریزه‌كانی گه‌لان پته‌و بكات، نه‌وه‌ك لێكترازان و قه‌یرانه‌كان زیاتر بكات، لەهەمان کاتدا پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تی كوردستان به‌زووترین كات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ و ئایینه‌كانه‌وه‌ كۆببێته‌وه‌ هه‌ڵوێستی روونی خۆیان به‌یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزی رابگەیەنن، ئه‌گه‌ر پێداگیری له‌لایه‌ن ده‌سەڵاتی عێراقه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق و پیشێلكردنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به‌رده‌وام بێت‌، پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردستان كارتی ریفراندۆم و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌كاربێنێت.

 - سه‌ركه‌وێ ئیڕاده‌ی گه‌لی كوردستان.

 

مه‌كته‌بی سیاسی

یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK

 16 / 2 / 2022 هه‌ولێر - باشووری كوردستان