میدیا-هه‌ولێر
كۆمیته‌ی باشووری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) كۆبوونەوەی خۆی به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامان و حزبه سیاسییه‌كان لە هەولێر سازده‌كات.
رۆژی شه‌ممه رێكه‌وتی 11/12/2021 به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامان و حزبه‌كان، كۆمیته‌ی باشووری كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) له شاری هه‌ولێری باشووری كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان و ئاماده‌كاری بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی KNK له‌ساڵی داهاتوو ئه‌نجامدا، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا شاخه‌وان خالید كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتی كوردستان YNDK به‌شدار بوو.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه گفتوگۆی له‌سه‌ر ره‌وشی كوردستان و ناوچه‌كه و جیهان كرا، هه‌روه‌ها باس له رۆلی KNK كرا بۆ ئاشته‌وایی و رێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردستان به‌یه‌كریزی و ته‌بایی رێكبخرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دهستكهوكانی گه‌لی كوردستان به‌گشتی پارێزراو بێت.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاخه‌وان خالید رایگه‌یاند: " بارودۆخی ئێستای كوردستان هه‌ستیاره داگیركه‌ران و دوژمنانی كوردستان به رێگه‌ی جیاواز دژایه‌تی گه‌لی كوردستان و مافه‌كانمان ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كورد یه‌كریز و یه‌كده‌نگ بین و به‌ره‌نگاری ئه‌و دژایه‌تی و دوژمنایه‌تی و داگیركارییه ببینه‌وه،هه‌روه‌ها له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانه‌كانی ئه‌وروپا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و پێشێلكارییانه بوه‌ستێندرێت. هه‌روه‌ها پێویسته حزب و لایه‌نه‌كانی كوردستانی كێشه‌كان به‌گفتوگۆ و دیالۆگ چاره‌سه‌ربكه‌ن و به‌هه‌موو لایه‌كمان پارێزگاری له‌ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كوردستان له‌باشوور و رۆژئاوای وڵات بكه‌ین و به‌رگی حیزبایه‌تی لهبهربكهینهوهو هه‌موومان پێشمه‌رگه و شه‌ڕڤانی ئه‌و وڵاته بین بۆ سه‌رخستن و ئاواكردنی كوردستان" .