لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕێکاری پێویست گیراونەتە بەر، بەڵام بەهۆی گەمارۆی سەر کامپەکەوە پێداویستییە تەندروستییەکان کەمن.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و باشوری کوردستان، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-ش لە مەخمور، ڕێکاری پێویست بۆ خۆپاراستن لەو ڤایرۆسە گیرایە بەر.
لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەدا ناوەندی قەیران کرایەوە، کە لە ئەندامانی تەندروستیی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان پێکدێت و ڕۆژانە کاری پێویست ئەنجام دەدەن.
محەمەد ڕۆژ، پزیشکێکی کامپەکەیە و دەربارەی هەنگاوەکانیان بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لە کۆرۆنا، بە ڕۆژنیوزی وت: لە کۆتایی مانگی شوباتەوە بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی هەموو ئاهەنگ و کۆبوونەوە و مەراسیمێک، ڕۆژانەش دۆخی کامپەکە چاودێریی دەکرێت، تیمەکانمان ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و دەربارەی ڤایرۆسەکە و چۆنیەتی خۆپاراستن، زانیاریی دەدەنە هاوڵاتیان.
د.محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ناوەندی کەرەنتینەیان لە کامپەکە کردووەتەوە و هەتا ئێستا ٧٢ کەس براونەتە کەرەنتینە و وتی: ئەو کەسانەی کەرەنتینە کراون، هاتووچۆی دەرەوەی کامپەکەیان کردووە، ڕۆژی سێ جار تێستی کۆرۆنایان بۆ دەکرێت، هەتا ئێستاش هیچ نیشانەیەکی کۆرۆنایان لەسەر دەرنەکەوتووە، دوای دوو هەفتە چاودێرییکردن، ئەگەر تووشبوو نەبن، ئەوا لەسەر بڕیاری کۆمسیۆنی پزیشکان، ڕەوانەی ماڵەکانیان دەکرێنەوە.
ئەو پزیشکە، باسی لە کەمیی پێداویستییە تەندروستییەکان کرد لە کامپەکە و وتی: ئەوە ٢٤٨ ڕۆژە گەمارۆ خراوەتە سەر ئەم کامپە، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش، زەحمەتییەکانی ئێمە زیاتر بوون، دەرمان و ئامێری پزیشکییمان زۆر کەمە، هەتا ئێستا بەهۆی ئەو ڕێکارانەی گرتوومانەتە بەر کۆرۆنا لێرە تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی، دەرفەتە تەندروستییەکانمان زۆر کەمە.
د.محەمەد ڕۆژ، ڕاشیگەیاند، کە هەتا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هاوکارییەکی تەندروستیی پێشکەش بە کامپەکە نەکردووە و داوایکرد، کە هاوکارییان بکات.
ش.ف