Print this page

راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتيی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

آذار/مارس 07, 2020

ئەمڕۆ شەممە 7 / 3 / 2020 كۆمیتەی سەركردایەتيی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:
باكووری كوردستان: ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆی بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنین و، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین کەوا دەیکاتە سەر پەرلەمانتارانى کورد و شارەوانییەکان و چالاکییە مەدەنییەکان، ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسییە لە باکوورى کوردستاندا، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین دژى ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، خۆشحاڵین بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, ئومێد دەکەین ببێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.
رۆژهەڵاتی كوردستان: YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنێت و, بە گرنگی دەبینێت كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ ئەو ئەگەرو پێشهاتانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا روودەدەن و دێنە پێشەوە، لەهەمان كاتدا سڵاوو رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن.
رۆژئاوای كوردستان: YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ خەبات و بەرخودانی رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنێت و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنێت و، بە گرنگی دەزانێت تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش و پەلامار ودەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەررۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین کەوا لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.
باشووری كوردستان: ئێمە لە YNDK بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوەو، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە كوردستانيان گەمارۆداوە، بێگومان ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کارى لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنى دەدرێت.
لەسەر ئاستى حوکمدارى باشوورى کوردستان؛ YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانێت و، داواکارە حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتى هەموو خەڵکى کوردستان، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاترو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و ناداپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان: YNDK جەختدەكاتەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن و, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانێت، وەک هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێیدەڕوانێت.
یۆبیلى زیوینى YNDK : نەورۆزى ئەمساڵ YNDK پێدەنێتە 25 بیست و پێنجەمین ساڵیادى دامەزراندنى خۆى، YNDK وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و جەماوەریی لە گۆڕەپانی سیاسی و كلتوری كوردستان لە نەورۆزى 1995 لەدایكبوو و راگەیاندراو بووە موژدەبەخش بۆ هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەران، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنیدا توانی بەدیاربكەوێ و بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكان دروست بكات، ئەمساڵیش کەوا یادى یۆبیلى زیوینى خۆى دەکاتەوە، بڕیاربوو بە کۆمەڵێ چالاکى و مەراسیمى جۆراوجۆر یادەکە بکاتەوە، بەڵام وەک هەموو لایەک ئاگادارن بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (COVID-19) لەجیهاندا، بەداخەوە کەوا کوردستانیشى گرتۆتەوە، وایکردووە حکومەتى کوردستان کۆمەڵێ رێکارو رێنمایى هەبێت بۆ پاراستنى هاوڵاتیانى کوردستان و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئێمە لە YNDK پشتیوانى تەواو لە هەنگاوو رێنماییەکانى حکومەتى کوردستان دەکەین، هەربۆیە بڕیارماندا بە وەستاندنى تەواوى چالاکى و مەراسمیى یۆبیلى زیوینى YNDK و، لێرەوە داوا هەموو لایەک دەکەین ئەو بەڕێزانەى دەیانەوێ لەم یادەدا لەگەڵمان بن دەکرێ لە رێى ناردنى پەیام و بروسکەى پیرۆزبایى بەسەرمانبکەنەوە.
عێراق: YNDK پێیوایە ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەلاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، ئەم روانين و پەراوێزخستنانەیان بۆ کورد پەیامێکن بۆ هەموو لایەک کەوا تائێستاش گەلى کوردستان هەڕەشەى لەسەرە و پێویستى بە پاراستن هەیە بۆیە لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە ناکۆکى و دووبەرەکى بخەینە لاوەو بە یەکڕیزى و یەکدەنگى رووبەڕووى ئەم هەڕەشانە ببینەوە.
رەوشی ناوچەكە: YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوەو، ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بۆیە پێویستە ئێمەش وەکو گەلى كوردستان سوود لەو دەرفەتە وەربگرین و، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کەوا دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ بە ئەنجامگەیاندنى ئەنجامى ریفراندۆم و کارکردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، كارنامەیەكیش بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى
یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK
7 / 3 / 2020 هەولێر _ باشووری كوردستان