Print this page

بەهۆی كۆرۆناوە لیژنەی تەندروستی لە نێوان هەولێر و سلێمانی دادەنرێت

آذار/مارس 05, 2020

سه‌رچاوه‌: مالپه‌ری خەڵك-ئارام سەردار
بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان و بازگەکانی هەولێر و خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ هەریەک لە قایمقامی ناوەندی هەولێر و چۆمان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی و ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی سۆران و بەڕێوەبەری خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران کۆبۆوە، ڕێوشوێنی دیکەی پێویستی گیرایە بەر.

لەئێستادا لەبازگەکانی سنوری پارێزگای هەولێر هاووڵاتیان دوای ئەنجامدانی پشکنین ڕێگەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بێنە سنوری پارێزگای هەولێر.

عەباس محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بیستوومانە تیمی پزیشکی لە بازگەکان دانراون، پێموابێت هەندێ بازگە داخراون و لەبازگەکانی تریش تیمی پزیشکی دانراون.

دەشڵێت، ئێستا کە ڤایرۆسەکە بەرەو سنوری سلێمانیش هاتووە، حەتمەن دەبێ سنوورەکان لەوێش تووندوتۆڵتر بکرێن، بۆ ئەوەی لەڕێگای هاتووچۆی خەڵکەوە ڤایرۆسەکە نەگوازرێتەوە، ڕێکارەکانیش هەموو تەندروستین و لەهەموو وڵاتانیش بەم شێوەیەیە.

عەباس محەمەد وتیشی، ئێمە لەگەڵ ئەوەین لەنێوان شارەکانیش تیمی پزیشکی هەبێت، تاوەکو ڕێگری بکرێ لەگواستنەوەی ڤایرۆسەکە و لەناو شارەکانیش ئامادەکاری خۆپارێزی ئەنجام بدرێت، بەهیوان حاڵەتەکان نەگەن بەوەی شارەکان لەیەکتر داببڕین، پێویستە پەیوەندی نێوان شارەکانیش تووندوتۆڵتر بکرێن.

باسی لەوەش کرد، تاوەکو دوو ڕۆژ پێش ئێستا 17 حاڵەتی تری گوماناوی پشکنینیان لەسنوری پارێزگای هەولێر بۆ کراوە و هەموویان نێگەتیڤ بوون و تائێستاش بەفەڕمی هیچ حاڵەتێک لەهەولێر ڕانەگەیەنراوە.

بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، هەشت حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە سلێمانی تۆمار كراوە.