Print this page

بۆ دەربڕێنى هاوسۆزى و هاوخەمى شاندێکى باڵای YNDK سەردانى کۆنسڵخانەى گشتیى کۆمارى چینى میللى دەكات

آذار/مارس 05, 2020

میدیا - هەولێر:
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 5 / 3 / 2020، شاندێکى باڵاى YNDK بەمەستى دەربڕینى هاوسۆزى و هاوخەمى سەردانی کۆنسڵخانەى گشتیى کۆمارى چینى میللى-یان كردو، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆنسڵى گشتیى چین هاوسۆزى و هاوخەمى خۆیان پێراگەیاندن و، دواتر باسیان لە پەیوەندى نێوان هەردوولا کرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندێکى باڵاى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK کە پێکهاتبوو لە هەڤاڵان (غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK و د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و قەهار تاهیر ئەندامى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، سەردانی کۆنسڵخانەى گشتیى کۆمارى چینى میللى-یان لە شارى هەولێر كردو، بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (نى رووچى کۆنسڵى گشتى و وانگ شوهونگ جێگرى کۆنسڵى گشتی و ستافى کۆسڵخانە)ەوە پێشوازیكران، لەدیدارەكەدا سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و دواتر بڵاوبوونەوەى لە وتانى دیکە، هاوسۆزى و هاوخەمى خۆى و سەرکردایەتیى YNDK ى بە کۆنسڵى گشتیى کۆمارى چینى میللى راگەیاند و، هیواى خواست کەوا چین و کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى بتوانن بە زووترین کات رێ لە بڵاوبوونەوەو تەشەنەکردنى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا بگرن.
غەفوور مەخموورى ؛ وتى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە بڵاوبوونەوەدا سنوورەکان ناناسێ و بۆتە مەترسییەک بۆ تەواوى مرۆڤایەتى بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان هاوکارو پشتیوانى یەکدى بین لە قەلاچۆکردنى ئەم ڤایرۆسە.
نى رووچى کۆنسڵى گشتیى چین ؛ لەلایەن خۆیەوە سوپاسى ئەو سەردان و بەسەرکردنەوەو دەربڕێنى هاوسۆزى و هاوخەمییەى YNDK ى کرد و، چوختەیەکى سەبارەت بەدوا پێشڤەچوونەکانى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کرۆنا لە چین خستەڕوو، هەروەها نیگەرانى خۆیشى لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە لە عێراق و کوردستان نیشاندا و، وتى هەوڵدەدەین کەوا هاوکارى کوردستان و عێراق بکەین لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و، ئەوەى کۆمارى میللى چین بکرێت هاوکارو پشتیوان دەبین.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنى پەیوەندی نێوان هەردوولا .