Print this page

سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سکرتێرى گشتیى حزبى رزگاریى کوردستان دەکات

آب/أغسطس 12, 2026
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ ١٢ / ٨ / ٢٠٢٦، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە سکرتێرى گشتیى حزبى رزگاریى کوردستان كردو، باسیان لە بارودۆخی سیاسی كوردستان و پەیوەندی نێوان هەردوولا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بە ئامادەبوونى هەڤاڵان (قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و فاخیر نانەکەلى ئەندامی کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرى YNDK) لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر پێشوازیانكرد لە شاندێکى حزبى رزگارى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (رێکار ئەحمەد سکرتێرى گشتیى حزب و ژمارەیەک لە ئه‌ندامانی سەرکردایەتیی حزب)، لەدیدارێکی برایانەكەدا باسیان لە بارودۆخی سیاسی كوردستان و دوا ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارییەكانى ناوچەکە كردو، جەختیانكردەوە سەر یەکڕیزى و یەکدەنگى نێوان لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارییانەى کەوا لە ناوچەکەدا روودەدەن و دێنەپێشەوە، هەردوولا بۆچوونیان وابوو کەوا پێویستە چارەسەرکردنى کێشەو گرفتە سیاسییەکانى کوردستان لەسەر بنەماى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن بێت، هەروەها باس لەوە کرا کەوا پێویستە تەواوى حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن بۆ پاراستنى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا باس لە پەیوەندی برایانەى نێوان YNDK و حزبى رزگاریى کوردستان كراو جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.