*غەفوور مەخموورى: پێکهێنانى ئەنجوومەنێک یا ناوەندێکى سیاسى فاکتەرێکى سەرەکییە بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان*
میدیا - هەولێر :
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 26 / 2 / 2026، سكرتێری گشتیی YNDK پێشوازی لە شاندى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان كردو، لەدیدارەكەدا باسیان لە رەوشی سیاسیى كوردستان و یەکڕیزى و یەکدەنگى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و پەیوەندى نێوان هەردوو لا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی YNDK لە شاری هەولێر، بەئامادەبوونى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەكتەبی سیاسی و فاخیر نانەکەلى ئەندامى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى هەولێرو جەلال سمایل کارگێڕى مەکتەبى ناوەندى پەیوەندییەکانى YNDK)، پێشوازیانكرد لە شاندى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى کوردستان کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان (د. محەممەد بازیانى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و وتەبێژى بزووتنەوە و، د. ئەحمەد وەرتى ئەندامى مەکتەبى سیاسى و بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکان و حاجى ئەکرەم باویانى ئەندامى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى و بەرپرسى مەڵبەندى هەولێر وسەرهەنگ کاکە ئەندامى مەکتەبى پەیوەندییەکان و بەرپرسى مەکتەبى پەیوەندییەکانى بەغداى بزووتنەوە)، لەدیدارەكەدا باس لە رەوشی سیاسیی كوردستان و دواپێشڤەچوون و پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە كراو، جەختكرایەوە سەر یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان بە تەواوی هێزو لایەنە سیاسى و پێكهاتەكانییەوە بۆ پێشوازیكردن لەو ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكارییانەی كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو روودەدەن یەكێتی و یەكدەنگی و هاوهەڵوێستی لەو گۆڕانكارییانەدا بە فاكتەری سەرەكی پاراستن و چەسپاندنی دەسكەوتەكان و وەدەستهێنانی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان وەسفكرا، هەر لە دیدارەكەدا سكرتێری گشتیی YNDK بە شاندى میوانى راگەیاند کەوا لە رابردوودا چەندین جار باسمان لەوەکردووە کەوا ناوەندى سیاسى کوردستان پەرش و بڵاوەو پێویستى بە رێکخستنەوە هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار داوامان کردووە کەوا پێویستە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کار بۆ پێکهێنانى ئەنجوومەنێک یا ناوەندێکى سیاسى بکەن، لەم رووەوە هەردوو لا هاوڕا بوون کەوا کاربکرێت بۆ پێکهێنانى ئەنجوومەنێکى سیاسى کە تەواوى لایەنە سیاسییەکان بگرێتەخۆ، پێکهێنانى ئەم ئەنجوومەنەشیان وەک فاکتەرێکى سەرەکى بۆ رێکخستنەوەى ناوەندى سیاسى و ناوماڵى کوردستان وەسفکرد.
لەدوا تەوەری دیدارەكەشدا، جەختكرایەوە سەر پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.