Print this page

كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئەمریكایی ئەبراهام لینكۆڵن بەرەو سنوورەكانی عیراق جووڵە دەكات

تشرين2/نوفمبر 21, 2019

سه‌رچاوه‌: خەڵك –بەشی هەواڵ

كەشتی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكایی ئەبراهام لینكۆڵین بەرەو سنوورەكانی عیراق بۆ پارێزگای بەسرە دەستی بە جووڵەكردووە.

بەپێی سەرچاوەكان، كەشتیی ئەبراهام لینكۆڵن بە هاوڕێیەتی ژمارەیەك كەشتی جەنگی دیكە گەرووی هورمزی بڕیوە و بەڕێوەیە بەرەو كەنداو بۆ سنوورەكانی عیراق لە پارێزگای بەسرە.

تاكو ئێستا هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی جووڵەی كەشتییەكە نەدراوە، بەڵام تەنها جووڵەكردنی پشتڕاستكراوەتەوە.

ئەبراهام لینكۆڵن لەكاتی توندبوونەوەی گرژییەكانی ئەمریكا و ئێراندا لە بەهاری ڕابردوودا گەیشتە كەنداو و لەوێ جێگیربوو.

جووڵەی كەشتییەكە بەرەو سنوورەكانی عیراق هاوكاتە لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەكان لە عیراق و ئێران و زیاتربوونی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتدارانی عیراق و ئێران و لوبنان كە بەرەی سەر بە ئێران هەژماردەكرێن.

ئەمریكاش بە ئاشكرا پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەرانی عیراقی و ئێرانی نیشانداوە و هۆشداریشی داوە بە دەسەڵاتدارەكانی عیراق و ئێران لە سەركووتكردنی خۆپیشاندەران.

هاوكات لە مێدیاكانی ئەمریكا چەندین بەڵگەی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەكانی عیراق و ئێران و كارئاسانیكردن بۆ سەپاندنی هەژموونی ئێران بەسەر عیراقدا بڵاوكراونەوە.