Print this page

بایک: کاتی یەکێتی نەتەوەییە

تشرين2/نوفمبر 18, 2019

هاوسەرۆکی کەجەکە سڵاو بۆ گەلی باشوری کوردستان دەنێرێت، کە بەرامبەر داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی تورک دەوەستنەوە، دەشڵێت: کات کاتی یەکێتی نەتەوەییە و پێویستە گەلی باشورمان لەوبارەیەوە ڕۆڵێکی زیاتر بگێڕن.


جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تی ڤی کرد و وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس جوان تونچی دایەوە.

لە بەشی دووەمی چاوپێکەتنەکەدا، بایک تیشک دەخاتە سەر چارەسەریی بۆ پرسی کورد و دەڵێت: بۆ چارەسەری پرسی کورد نابێت ئێمە تەنها بەشێک وەک بناغە وەربگرین، پێویستە هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بنامە بگرین.

بایک، جەخت دەکاتەوە، "تا لە باکور کێشەکە چارەسەر نەکرێت، لە پارچەکانی تر چارەسەری دروست نابێت" دەشڵێت: هەموو کەسێک ئەمەی لە ڕۆژئاوا و لە کاتی ڕیفراندۆمی باشووردا بینی، لەبەرئەوەی لایەنە سەرەکییەکەی دوژمنی کورد و ئەو لایەنەی دەیەوێت کورد بە تەواوی لەناوبەرێت، دەوڵەتی تورکە. ئەگەر هەموو کەسێک ئەم ڕاستیە نەبینێت، ئەگەر هەموو کەسێک لەدژی تورکیا نەجوڵێتەوە، ئەگەر پشتگریی لە تێکۆشانی باکور نەکرێت، لە پارچەکانی تر چارەسەری دروست نابێت، پێویستە کورد لەسەر ئەم بناغەیە تێبکۆشن.

بایک تیشک دەخاتە سەر گرنگیی یەکێتی نەتەوەیی و بەپێویستی دەزانێت، کە کورد لەسەر بناغەی یەکێتی نەتەوەیی کار بکات"ئەگەر یەکێتی نەتەوەیی بە بنەما وەرنەگرن کێشەی کورد چارەسەر نابێت، لە ئێستادا جەنگی جیهانی سێیەمین لە ئارادایە. هەم مەترسی گەورە و هەم سەرکەوتنی گەورە دەبینرێت، هەروەها بۆ سەرکەوتن دەرفەتی زیاتر هەیە، هەموو گەلەکەمان لە دەرەوە و ناوخۆی کوردستان داوای یەکێتی نەتەوەیی دەکەن. ڕۆشنبیر، هونەرمەند، نووسەران داوای ئەوە دەکەن. پێویستە پارتە سیاسیەکانیش داواکاریەکان ببینن و جێبەجێ بکەن. پارتەکان بۆ داواکاری گەل تێدەکۆشن و هەبوونیان بە ئەوانەوە بەستراوە".

بایک دەپرسێت، ئەگەر لەئێستادا هەنگاوێکی بەو شێوەیە نەنرێت، باشە کەی کاتی دێت؟ دەشڵێت:"کات کاتی یەکێتی نەتەوەییە. ئەگەر هەنگاوەکە نەنرێت، مێژوو لێپرسینەوە دەکات، گەلی کورد لێپرسینەوە لەوە دەکات. لەبەرئەوە بانگەوازییمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە، لە پرسی یەکێتی نەتەوەییدا فشار لەسەر پارتەکانیان دروست بکەن. پێیان بڵێن، بۆ یەکێتی نەتەوەیی پێویستە هەنگاو بنێن. کێ هەنگاوەکە نەنێت با لەدژی بوەستنەوە و تەشیر بکرێت. ئەگەر گەل ئەو کارە بکات، کەس ناتوانێت لەدژی بوەستێتەوە، کەس ناتوانێت رێگری لێبکات. ئەو کاتە ناچارن هەنگاو بنێن".

لەبارەی باشووریشەوە جەمیل بایک دەڵێت:" گەلەکەمان لە باشوور ڕۆڵی خۆیان بەرامبەر ڕۆژئاوا گێڕاوە، سڵاویان بۆ دەنێرم، گەنجان بەشدارییان لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا کرد و شەهید بوون، گەلەکەمان لە باشوور کاڵای تورکیان بایکۆت کرد. هەروەها داوای کۆبوونەوەی کەنەکەیان کرد، واتە بەرامبەر داگیرکەری و کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک دەوەستنەوە. ڕاپەڕین تایبەتمەندیەکی گەلی باشوورمانە. ئامادەی ڕاپەڕینن. بەڵام پێویستە زیاتر بەهێز ببن. لەبارەی پرسی نەتەوەیی پێویستە ڕۆڵیکی زیاتر بگێڕن".

لە بەردەوامییدا دەڵێت:"لە باشور کێشەی سەرەکی پارتە سیاسیەکانن. هەندێک جار لێدوانی باش بڵاودەکرێتەوە. بەڵام هەندێک جار سەرنج دەدەین، بە پێی بەرژەوەندی دەوڵەتانی نێودەوڵەتی ڕاگەیەنراو بڵاودەکرێتەوە. واتە بە تەواوی خۆیان لە کاریگەری دەوڵەتان ڕزگار نەکردووە. پێویستە خۆیان رزگار بکەن. پێویستە داواکاری گەل جێبەجێ بکەن. پێویستە لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بنێن. ئەگەر هەنگاو بنێن، ڕێگە لەبەردەم یەکێتی نەتەوەیی دەکرێتەوە. کۆنگرەی نەتەوەیی لەسەر بناغەی پێشووتر دەتوانێت کۆبێتەوە. ئێستا کات کاتی ئەوەیە".

هاوسەرۆکی کەجەکە کەموکورتییەکانیش دەخاتەڕوو"کەموکورتییەکان چین؟ بە تەنها خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوایە. پێویستە بۆ باکوریش هەندێک شت ئەنجامبدرێت، دەوڵەتی تورک ئەو سیاسەتەی کە لە ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات لە باکووریش هەمان شت دەکات. داگیرکەری لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوا هەیە، لە باکوری سیاسەتمەدارەکان دەستگیر دەکات. ڕێگە بە سیاسەت نادات، واتە سیاسەتی لەناوبردووە. بەم شێوەیە کورد قڕدەکات، ئەمەش هەموو ڕۆژێک لەبەرچاوی هەموو کەسێک دەیکات".

جەمیل بایک، ڕوونیدەکاتەوە"کاتێک تێکۆشان بە تەنها لەدژی داگیرکەری تورکیا لە ڕۆژئاوا بێت و خاوەنداری لە باکور نەکرێت، کەموکورتی دروست دەبێت. پێویستە کەموکورتیەکە چارەسەر بکرێت. پێویستە ئەم ڕاستیە تێبگەین. لەماوەی ڕابردوودا لەدژی کورد قڕکردن و کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدرا و قبوڵیان دەکرد، بەلام لە ئێستادا کێشەی کورد لە هەموو جیهان بڵاوبووەتەوە. گەلانی لایەنگری ئازادی و دیموکراسی خاوەنداری لە کورد دەکەن. ئەمەش هیوایەکە بۆ تێکۆشانی کوردان. تێکۆشانی بەساڵانی کورد و باجە گەورەکە بێهۆکار نییە. بەرەو ئامانج دەڕوات. کورد بەم شێوەیە دەستکەوتەکانی دەپارێزێت، پێویستە ئەمە بەم شێوەیە ببینرێت".

ش.ف سه‌رچاوه‌ رۆژنیوز