Print this page

"هه‌ڵمه‌تى زاگرۆسانه‌"

كانون1/ديسمبر 10, 2025

سه‌فين بانگت دەکات: کاتی چاندنە، کاتی ژیانە

نووسينى: شاخه‌وان خاليد

وەک چۆن باوباپیرانمان لە سێبەری زاگرۆس پەنایان دەبرد، وەک چۆن ئەم چیا مەزنە بە درێژایی مێژوو بووەتە سێبەر و پشت و قەڵای گەلەکەمان، ئێستا نۆبەی ئێمەیە کە ببینە پارێزەر و پاسەوانی زاگرۆس. ئێستا نۆبەی ئێمەیە کە ژیان بەخشینەوە بە دارستانەکانی کە بەر لە نەمان و وشکەساڵی کەوتوون.

زاگرۆسانە: تەنها هەڵمەتێکی چاندن نییە، بەڵکو بزووتنەوەیەکی نیشتمانی و مرۆییە بۆ ڕزگارکردنی سروشت کە هه‌موو كات لە مەترسیدایە. ئەمە هەڵمەتی حەوتەمی زاگرۆسانەیە، هەڵمەتێک کە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە بە بەرفراوانی لە سەرانسەری کوردستاندا بەڕێوەدەچێت و هەموو ساڵێک هەزاران دڵ و دەست بۆ سەوزکردنەوەی زاگرۆس کۆدەکاتەوە.

بۆچی ئێمە...؟ بۆچی ئێستا...؟

دۆخی ژینگە و سروشت به‌گشتى هاواری یارمەتی دەکات. دارستانەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەمتر دەبنەوە، ئاژەڵە کێوییەکان شوێنی خۆیان لەدەست دەدەن، سەرچاوە ئاوییەکان وشک دەبن. بەڵام هێشتا درەنگ نییە! هێشتا دەتوانین گۆڕانکاری دروست بکەین و رێگرى له‌و كاره‌ساته‌ سروشتييه‌ بگرين.

هەر دەنکه‌ به‌روويه‌ك کە تۆ لە خاکی زاگرۆس دەچێنیت، هەنگاوێکە بۆ داهاتوویەکی سەوزتر. هەر دارێک کە گەشە دەکات، هەناسەیەکی پاکترە بۆ خۆمان و نه‌وه‌كانمان. هەر ڕووەکێک کە بەرەو بەرزی دەڕوات، هیوایەکی نوێیە بۆ ژیانێکی باشتر.

ئامانجەکانمان ڕوونە: داهاتوویەکی سەوز

لە ڕێگەی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌وه‌ :

  • ژیان دەبەخشینەوە بە دارستانە وشککراوەکانی زاگرۆس و شوێنی خۆمان لە سروشت دەبینینەوە.
  • هۆشیارى بڵاو دەکەینەوە بۆ گرنگی پاراستنی میراتە سروشتییەکەمان.
  • کولتووری چاندن وەک بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان جێگیر دەکەین
  • ڕێگای شەهیدانی ژینگە درێژە پێدەدەین، ئەوانەی کە ژیانیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی سروشت.
  • نەوەیەکی نوێ پەروەردە دەکەین کە خۆشەویستی سروشت لە خوێن و دڵیاندا بێت.

تۆش دەتوانیت بەشدار بی....

گرنگ نییە کێیت و لە کوێیت، گرنگ نییە تەمەنت چەندە یان پیشەت چییە. ئەگەر دڵت لەگەڵ سروشت و شاخ و زاگرۆسدایە، ئەگەر باوەڕت بە داهاتوویەکی سەوزە، ئەوا شوێنت لەم هەڵمەتەدایە.

شاخەوانی بەڕێز: تۆ کە دڵت لەگەڵ چیاکاندایە، تۆ کە هەر هەنگاوێکت چیرۆکە، بە بەشداریکردنت لەم هەڵمەتەدا دەتوانیت نیشانی خۆشەویستی ڕاستەقینەت بۆ زاگرۆس بدەیت. ڕێپێوانی بکە، هۆشیاری بڵاوبکەرەوە، دەنکه‌ به‌ڕوو بچێنە.

ژینگەپارێزانی بەڕێز: ئەم هەڵمەتە هی تۆیە، بۆ تۆیە، لەگەڵ تۆیە. با پێکەوە کاری چالاکانەتر بکەین و ئەزموونەکانمان لەگەڵ یەکتر هاوبەش بکەین.

گوندنشین و شارنشین: زاگرۆس هی هەمووانە، بێ جیاوازی لەوەی لە گوند بژین یان شار. هەر دەستێک کە دەنکێک بچێنێت، دەستێکی بەهێزترە بۆ پاراستنی نیشتمان.

گه‌نجان: ئێوە داهاتووی ئەم نیشتمانەن. ئەم دارانەی ئەمڕۆ دەیچێنین، سێبەری ئێوە دەبن. بەشداری بکەن، فێربن، و فێری نەوەی داهاتوو بکەنەوە.

دایک و باوک: با چاندن ببێتە یاریی خێزانی، با منداڵەکانتان فێری خۆشەویستی سروشت بکەن بە کردار، نەک تەنها بە قسە.

چۆن بەشدار بین؟

لە وەرزی پاییزدا، دوای دەستپێکردنی بارانی پاییز، هەڵمەتی زاگرۆسانە دەستپێدەکات و نزیکەی ٢٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لەم ماوەیەدا لە سەرانسەری ناوچە زاگرۆسنشینەکاندا چالاکی ڕێکدەخرێت.

پەیوەندی بکە بە ناوه‌نده‌كانى فيدراسيۆنى شاخه‌وانى كوردستان له‌هه‌موو شاره‌كان و تۆڕ و ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکان، گرووپە شاخەوانییەکان، یان ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی ناوچەکەت. دەتوانیت بە تاکەکەسی یان بە گرووپی بەشدار بیت. گرنگ ئەوەیە کە دڵت پێیەوە بێت و دەستت بەکار بێت.

 

دروشمی ئێمە: "ژیانەوەی سروشتی نیشتمانە"

هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە تەنها دروشمێک نییە، بەڵکو پەیمانێکە لەگەڵ زاگرۆس، پەیمانێکە لەگەڵ سروشت، پەیمانێکە لەگەڵ خۆمان. پەیمان دەبەستین کە زاگرۆس بە زیندوویی ڕابگرین، بە سروشت به‌ سەوزی بپارێزین، بە خۆشەویستی بيهێلينه‌وه‌.

کاتی کردارە.....!

قسەکردن تەنها بەسنییە. چاوەڕوانی کردنیش وەختی لێدەڕەوێنێت. ئێستا کاتی کردارە، کاتی بەشداری کردنە، کاتی گۆڕانکاریيە!

لە ساڵی حەوتەمی زاگرۆسانەدا، با هەموومان پێکەوە دەستمان بگرین و بڵێین: زاگرۆس، ئێمە لێرەین! با پێکەوە دەنکه‌ به‌روو بچێنین، دار بەخشین، هیوا بپەرەپێنین. با درەختە ڕەسەنەکانی زاگرۆس - بەڕوو، دار و دره‌خت، ، داری سەوز و هەموو جۆرەکانی تر - دووبارە بژین و سەوزایی بۆ زاگرۆس و سروشتى كوردستان بگێڕینەوە.

سروشت چاوەڕێی تۆیە. نیشتمان چاوەڕێی تۆیە. داهاتوو چاوەڕێی تۆیە.

با پێكه‌وه‌ به‌شدارى ئه‌و هه‌لمه‌ته‌ نيشتمانيه‌ بكه‌ين.